کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح هەریەکە لە وەزارەتى تەندروستى و لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى کوردستان بەدواداچوون دەکەن بۆ گیانلەدەستدانى نەخۆشێک لە نەخۆشخانەى شارى سلێمانى، دواى ئەوەى پەرلەمانتارێکى پێشوو پزیشکێکى نەخۆشخانەکەى بەوە تۆمەتبارکرد کە بە "هاناى نەخۆشەکەوە" نەچووە. . دوێنێ عومەر عینایەت، پەرلەمانتارى خولى پێشووى پەرلەمانى کوردستان لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک ڕووداوى گیان لەدەستدانى نەخۆشێکى گێڕاوەتەوە، کە بە وتەى ئەو لە نەخۆشخانەى شار پزیشکى ئێشکگر وەکو پێویست نەچووە بە هانایەوە. . بەوتەى عومەر عینایەت، ڕۆژى 29ى مانگى ڕابردوو کەسێک کە بەهۆى ڕووداوى هاتوچۆوە برینداربووە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەى شار، بەڵام لەماوەى چوار ڕۆژدا تەنها دوو خولەک پزیشکى ئێشکگر بینویەتى و دواتر پێی وتوون کە بیبەنە نەخۆشخانەى ئەهلى و بەهۆى خراپى بارى تەندرستییەوە نەخۆشەکە گیانى لەدەستداوە. . محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "سەبارەت بەو بابەتەی کە عومەر عینایەت باسی کردووە کە گوایە لە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی پزیشکی ئێشکگر نەچووە بە هانای نەخۆشێکەوە دواتریش نەخۆشەکە گیانی لەدەستداوە، بەدواداچوونی جدی دەکەین". . وتیشی، "بەداواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو جۆرە پرسانە بە شێوەیەکی هەڕەمی دەبێت، سەرەتا لێکۆڵینەوەکان لە نەخۆشخانەکەوە دەستپێدەکات، دواتریش دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی". . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى باسى لەوەکرد، ئەگەر پێویست بکات وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەى لیژنەیەکەوە بەدواداچوون بۆ بابەتە دەکات. هاوکات بەپێی نوسراوێک لە دەستی ناس کورد کەوتووە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی داوای لێکۆڵینەوەى لە بابەتەکە کردووە.