گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕاوێژکارێکى عەبدولمەهدی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى عێراق ئاشکرا دەکات

2020.01.18 - 15:39
ڕاوێژکارێکى عەبدولمەهدی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى عێراق ئاشکرا دەکات
ناس کورد- راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروباری دارایی ڕایگەیاند، قەبارەى قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى عێراق ملیاران دۆلارە و پلان هەیە لەماوەى هەشت ساڵدا یەکلابکرێنەوە.  . مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروباری دارایی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵى فەرمی (عێراقییە) ڕایگەیاند "قەرزە دەرەکییەکانى عێراق کەمترن لە 30  ملیار دۆلار، جیا لەوە قەرزە دەرەکییە هەڵواسراوەکانی  ڕێککەوتنى یانەى پاریس، کە لە 80%ى قەرزەکانى پێش ساڵى 1990ی عێراق خۆش بوون".  . وتیشى "قەرزەکانى عێراق لە قۆناغى پێش ساڵى 1990 گەیشتوونەتە 128 ملیار دۆلار، بە گوێرەى ڕێککەوتننامەکەى یانەى پاریس لە 80%ى لابراوە".  . ڕاوێژکارەکەى سەرۆکوەزیران باسى لەوەشکردووە "لە نێوان 41 بۆ 42 ملیار دۆلارى ئەو قەرزانە تایبەتن بە وڵاتانى کەنداو و چەند وڵاتێکى دیکە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى پێش 1990ى قەرزە دەرەکییەکانى ڕێککەوتننامەکەى پاریس".  . هەروەها ئەوەشى خستووەتەڕوو، قەرزە هەڵواسراوەکان بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنامەکەى پاریس چارەسەر دەکرێن بە ڕێککەوتنێکى گشتگیر بۆ هەموو قەرزەکانى عێراق.  . بەوتەى مەزهەر محەمەد ساڵح، ئەو قەرزەى ماوەتەوە لە ڕێککەوتنامەکەى  یانەى پاریس کەمترە لە نۆ ملیار دۆلار، هەروەها عێراق قەرزی نوێی لەسەرە بەهۆى جەنگی دژى داعش کە بە 13 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.  . باسى لەوەشکردووە، بڕی قەرزی ماوەى وڵاتەکانى ناو ڕێککەوتنامەکەى پاریس و ئەوانەى دەرەوەى ڕێککەوتنامەکە، هەروەها قەرزی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و ئەوانەى ڕێککەوتنەکەی پاریس نایانگرێتەوە دەگاتە نزیکەى 28 ملیار دۆلار. دانەوەى ئەو قەرزانەش لە چوارچێوەى شایستە داراییەکانى دەبێت لە ساڵى 2020 بۆ ساڵى 2028.  . ڕاوێژکارەکەى عەبدولمەهدى ئەوەشى خستووەتەڕوو، قەرزە ناوخۆییەکانى عێراق دەگاتە نزیکەى 42 ملیار دۆلارى بانکەکانی ناوەندیی و ڕافیدەین و ئەل تی بی ئەى و بانکی ڕەشید.