کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری دەرکردنى هێزە بیانییەکان لە عێراق، هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە، ئەمینداری گشتى وەزارەتى پێشمەرگەش دەڵێت پابەندن بە بڕیارەکانى عێراقەوە.
.
عەبدولکەریم خەڵەف وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقییەى رایگەیاندووە "بریاری دەرکردنى هێزە بیانییەکان بڕیارێکى سیادییە و هەموو خاکى عێراق دەگرێتەوە، بە هەرێمى کوردستانیشەوە چونکە بەشێکە لە عێراق".
.
وتیشى "هەرێم کێشەى لەگەڵ ئەمەدا نییە".
.
رۆژى هەشتى ئەم مانگە پەرلەمانى عێراق لەکۆبوونەوەیەکدا کە فراکسیۆنە کوردستانى و سونییەکان بایکۆتیان کرد بڕیارێکى پەسەندکرد بۆ دەرکردنى هێزە بیانییەکان لە عێراق، بەرپرسانى باڵاى هەرێمیش بڕیارەکەیان بە "پەلە و خراپ" ناوبرد.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتى وەزارەتى پێشمەرگە تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند "هەر بریارێک کە پەیوەست بێت بە پاراستنی سیادەى وڵاتی عێراقەوە هەموو عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمى کوردستانیشەوە".
.
وتیشى "هەرێمى کوردستان خۆى ناتوانێت هیچ ڕێککەوتنێکى سەربازيی لەگەڵ وڵاتان بکات بە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى عێراق، بۆیە هەر بڕیارێک لەوبارەیەوە لە ناوەندەوە دەربچێت هەرێمیش دەگرێتەوە".
.
لەدواى دەرکردنى بڕیارەکەى پەرلەمانەوە، ئەمریکا جەختیکردەوە کە گفتوگۆ ناکەن لەسەر کشانەوەى هێزەکانیان لە عێراق، بەڵام دەسەڵاتدارانى عێراق سورن لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارەکە.
.
وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزەچەکدارەکانى عێراق وتى "لایەنى ئەمریکی کاتى دیارینەکردووە بۆ دەرچوونى هێزەکانیان لە وڵات".
.
لەبارەى هەواڵی ڕاگرتنى کارە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق، عەبدولکەریم خەڵەف باسى لەوەکرد، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان ڕەزامەند نەبووە لەسەر راگرتنى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق.