کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- وەزارەتى دەرەوەى ئێران داوا لەو وڵاتانە دەکات کە قوربانییان هەیە لە ڕووداوى خستنەخوارەوەى فڕۆکە ئۆکرانییەکە، بابەتەکە نەگۆڕن بۆ بابەتێکى سیاسی. . بەگوێرهی هەواڵێکى ئاژانسی ڕۆیتەرز، وەزارەتى دەرهوەى ئێران ڕاگەیەندراوەکەى سەرۆک وەزیرانى کەنەدای بە "سەیر" وەسفکردووە، کە داوای دەستێوەردانى کونسڵەکەی کردووە لەو پرسەدا. . رۆژی (پێنجشەممە)ى ڕابردوو پێنج وڵات ڕایانگەیاند لە ڕووداوى خستنەخوارەوەى فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەلایەن ئێرانەوە ژمارەیەک هاووڵاتییان بوونەتە قوربانی، ئاماژەشیان بەوە کرد تاران دەبێت قەرەبووى خێزانى قوربانییەکان بکاتەوە، هۆشداریشیاندا لەوەى جیهان چاودێری چۆنیەتى مامەڵەکردنى ئێران دەکات لەگەڵ ئەو پرسە. . هەریەکە لە وڵاتانى کەنەدا و ئۆکرانیا و سوید و ئەفغانستان و بریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکى هاوبەشدا داوایانکرد لێکۆڵینەوەیەکى نێودەوڵەتى گشتگیر و ڕوون بکرێت سەبارەت بە ڕووداوەکە. . رۆژی 8ی ئەم مانگە فڕۆكەیەكی ئۆكرانی دوای چەند خولەكێكی كەم لە فڕینی لە فرۆكەخانە، بە موشەك خرایە خوارەوە، دوای چەند رۆژێكیش ئێران ڕایگەیاند بەهەڵە فرۆكەكەیان خستووەتە خوارەوە. . لە ڕووداوەكەدا تەواوی سەرنشینانی فرۆكەكە گیانیان لەدەستدا كە ژمارەیان 176 كەس بوو، لە نێوان قوربانییەكاندا 57 كەسیان هاوڵاتی كەنەدی بوون، ئەوانی دیكەش هاووڵاتی سویدی و ئەفغانی و بەریتانی و ئێرانی بوون و لە نێویشیاندا ژمارەیەك هاووڵاتی كورد هەبوون. .