کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەکی یەکێتی لە ئاسایشی پارتی، یەکێتی بڕوا بە ڕووداوەکە ناکات و لە پزیشکی دادی سلێمانیش توێکاری بۆ تەرمەکە دەکەنەوە، بەرپرسێکی ئەو حزبەش دەڵێت: "لە پشکنینەکاندا پاشماوەی ئازاردانی زۆر دەرکەوتووە". ، دوای دەستگیرکردنی پێشمەرگەیەکی یەکێتی بەناوی "مەجید ئیبراهیم عەبدوڵا" لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە، پاش دوو ڕۆژ هەواڵ بە کەسوکارەکەی دەدەن کە "لە بەندیخانە خۆی خنکاندووە"، ئەوەش گومانی لای کەسوکاری و یەکێتیش دروستکرد، کە ڕووداوەکە خۆکوژی بێت. ، لە پاش گومانەکان، ئاسایشی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەو کەسە تۆمەتبار بووە و بڕی 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری پێگیراوە و دوای دوو ڕۆژ مانەوەی لە بەندیخانە خۆی خنکاندووە و هەموو بەڵگەکانیش بەردەستن". ، لەوبارەیەوە حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە گومانمان هەیە لە ڕووداوەکە، بەتایبەتی کاتێک کەسێک دەبردرێتە بەندیخان، سەرجەم کەلوپەلەکانی لێوەردەگیرێت و چۆن دەبێت جۆرە کەلوپەلێکی پێبێت کە بتوانێت خۆی بکوژێت، بۆیە سکاڵا تۆماردەکەین". ، وتیشی: "گومانمان لە پشکنینی پزیشکی دادی هەولێریش هەبوو، هەربۆیە شەوی رابردوو، تەرمەکەمان بردە پزیشکی دادی سلێمانی و لەوێ دووبارە پشکنین و توێکاری بۆ تەرمەکە کرا و دەرکەوتووە کە ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دراوە". ، لەبارەی ئەوەی لە پشکنینەکەدا دەرکەوتووە کە خۆی کوشتووە یاخود لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە، حاجی مەسیفی ئاماژەی بەوەکرد: "هێشتا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە و پێویستی بە لیکۆڵینەوەی ورد و بڕیاری دادگا هەیە". ، ئەو بەرپرسەی یەکێتی جەختیشیکردەوە، نە کەسوکارەکەی و نە ئەوانیش وەک یەکێتی واز لە دۆسییەکە ناهێنن و بەشێوەی یاسایی بەردەوام دەبن، تاوەکو ڕاستی ڕووداوەکە ئاشکرادەکەن. ، هاوکات ناس کورد پەیوەندیکرد بە پزیشکی دادی سلێمانی، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون بەهیچ شێوەیەک ناوەڕۆکی پشکنینەکە ئاشکرابکەن.