کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- عه‌مار میرداڤی
پارتی دیموکراتی کوردستان جەختدەکاتەوە کە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەر دەبێت بۆ ئەوان بێت، سەرۆکی فراکسیۆنەکەشییان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، بەزووترین کات کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشاندەکەن.
پاش ئەوەی له بەرواری 24ی ئازاری 2019 له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، په‌رله‌مانی عیراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا به دوورخستنه‌وه‌ی نۆفڵ عاکوب پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا لە پشکی پارتییە و لە ئێستادا پارتی لە هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەدایە.
به‌ره‌كات شه‌مۆ سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بە ناس کورد-ی ڕاگه‌یاند: "لە ساڵی 2013 ڕێككه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان كوتله‌كانی ئەنجومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا واژووكراوە، به پیێ رێككه‌وتنه‌كه پۆستی جێگری یه‌كه‌می پارێزگای نه‌ینه‌وا و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن پشكی كوردن و له نێو كوردیشدا پشكی پارتی یه، بۆیە ئێستاش ئەو پۆستە بە مافی خۆمان دەزانین و به زووترین کات سه‌ركردایه‌تی پارتی كاندیدێكی نوێ بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان ده‌كات".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتیشی: "به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری له رێككه‌وتنی ساڵی 2013 ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێت ئه‌و رێككه‌وتنه به‌رده‌وام بێت چونكه به بڕوای ئێمه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نەکانی پارێزگاکەیە، هه‌رچه‌نده له ئێستادا هه‌ندێك لایه‌ن هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌ده‌ن به‌ڵام ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌م قوناغه‌ش وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت".
"دواى ڕوداوه‌كه‌ی شاری نه‌ینه‌وا چه‌ند كوبوونهوهیهك لەنێوان كوتله‌كانی ئه‌نجومه‌ن كراوه، به‌ڵام تا ئێستا نهگهیشتوینەتە رێككه‌وتن لە بارەی دانانی پارێزگار و جێگرەکانی، ده‌نگ له‌سه‌ر هیچ كاندیدێك نادەین، تا رێككه‌وتن له نێوان فراكسیۆنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا نه‌كرێت" به‌ره‌كات شه‌مۆ وای وت.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له 39 كورسی پێكهاتووه، كوتله‌ی نه‌هزه 11 كورسی، كوتله‌ی نه‌ینه‌وا 12 كورسی، كوتله‌ی پارتی 9 كورسی، كوتله‌ی یه‌كێتی 3 كورسی، كۆتا مه‌سیحی و ئێزیدی 2 كورسی و هاوپه‌یمانی 2 كورسی.