گه‌ڕان

Shadow Shadow

پڕۆژە چاکسازییه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دادوەرەکان  ناگرێتەوە.. به‌ %100ی موچه‌كانیان خانه‌نشین ده‌بن[تایبه‌ت]

2020.01.15 - 23:01
پڕۆژە چاکسازییه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دادوەرەکان  ناگرێتەوە.. به‌ %100ی موچه‌كانیان خانه‌نشین ده‌بن[تایبه‌ت]
ناس کورد– ئەو پڕۆژە چاكسازییەی حکومەتی هه‌رێم  ناردویەتیە پەرلەمان، دادوەرە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش پشتگیری دەکەن و بەشێکیشیان داوا دەکەن چاکسازی خانەنشینی دادوەرەکانیش بگرێتەوە. په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت "چۆن دەبێت پڕۆژەکە سەرۆکی هەرێم بگرێتەوە بەڵام دادوەرەکان نەگرێتەوە". . کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ناس کوردی راگه‌یاند "پڕۆژەی یاسای چاکسازی خانەنشینی و ڕێکخستنەوەی موچە سەرجەم فەرمانبەران و پەرلەمانتاران و وەزیرەکان و پلە باڵاکانی دیکەی حکومەت دەگرێتەوە و بەپێی پڕۆژەکەش سەرجەم پلە باڵاکان موچەی خانەنشینیان بۆ زیاتر لەسەدا 50% دادەبەزێ، ئەو پرۆژەیە سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و هەرێمیش دەگرێتەوە، حەق وایە سەرجەم دادوەرەکانیش بگرێتەوە". . وتیشی :"فراکسیۆنەکەمان هێشتا کۆبونەوەی تایبەتی نەکردوە دەربارەی دەنگدان یاخود دەنگنەدان بە هەبونی دادوەرەکان لەو پڕۆژە یاسایەدا و سبەینێ پێش کۆبونەوەی پەرلەمان ئێمە کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیار بدەین". . ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پشتگیری فراكسیۆنه‌كه‌ی بۆ نه‌بونی دادوه‌ره‌كان له‌ناو ئه‌و چاكسازییه‌ی حكومه‌ت ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد ژماره‌ی دادوه‌ره‌كان كه‌من و بارگرانییان بۆ حكومه‌ت دروست نه‌كردوه‌. . ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو بە ناس کوردی وت: "لەهەموو وڵاتێکدا دادوەرە گشتییەکان موچەی ئاسایی و موچەی خانەشینیان لەموچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت زیاترە". . وتیشی :"دادوەرەکان ژیانیان تایبەتە ئەوان هەمیشە لەدادگاکان بڕیاری یەکلاکەرەوەی چارەنوسساز لەسەر چەندین دۆسیە دەدەن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و ناتوانن وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی بچنە شوێنە گشتییەکان و لەبەر ئەوە وەرگرتنی ئەو موچەیە شایستەیانە و دەبێت ئەو بڕە موچەیە وەربگرن، بۆ ئەوەی لە بڕیارەکانیشیاندا سەربەست و سەربەخۆ بن و نەکەونە ژێر باری پێشکەشکردنی پارەوە، بۆیە ئێمە دەنگ بەوە دەدەین کە یاساکە ئەوان نەگرێتەوە". . به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ دادوه‌ره‌كان له‌پڕۆژه‌كه‌ به‌ده‌ربكه‌ن، فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان دادوه‌ره‌كانیش بچنه‌ نێو ئه‌و سیستمه‌ چاكسازییه‌ و موچه‌كانی ئه‌وانیش به‌ر چاكسازی بكه‌وێت. . کاوە عەبدولقادر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ به‌ ناس كوردی وت "ئێمە دەمانەوێت سەرجەم بەرپرسە پلە باڵاکان و پەرلەمانتاران موچەی خانەنشینی وەکو هاووڵاتی ئاسایی وەرگرن و ئەو جیاوازییە زۆرەی نەبێت لەگەڵ موچەی فەرمانبەران کە ئێستا هەیە". . وتیشی "نابێت موچەی دادوه‌رەکان و فەرمانبەرانی ئاسایی هێندە جیاوازی هەبێت، پێشنیازیشمان كردووه‌ یاساکە ئەوانیش بگرێتەوە، لە دانیشتنەکەی سبەینێشدا بەشدار دەبین و دەنگ بەو پێشنیازانە دەدەین کە خۆمان کردومانن، ئەگەر بێتو داواکەشمان گوێی لێنەگیرێت ئەوا دەنگ بە کۆی پڕۆژەکە نادەین". . ناس كورد زانیویه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان 51 دادوه‌ری خانه‌نشین هه‌یه‌ و بە سەدا سەدی موچەکانیان خانەنشین دەبن كه‌ زیاتره‌ لە حەوت ملیۆن دینار. .