کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- سەرۆککۆماری عێراق، ڕایگەیاند، پشتیوانی لە یەکخستنی هەوڵەکان دەکەین لە پێناو چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان، کاریش دەکەین بۆ ئەوەی عێراق، ببێتە هەوێنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و نەبێتە ناوەندێک بۆ دەستدرێژیكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. . ئەمڕۆ،(چوارشەممە،15ى کانوونی، 2020)، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شێخ محەممەد کوڕی عەبدولڕەحمانی دووەم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر. . بە گوێرەی ڕاگەیهندراوی نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە "عێراق هەوڵدەدات ببێتە هۆکاری سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، بە هەموو توانایەکیشەوە پشتیوانی لە یەکخستنی هەوڵەکان دەکەین لەپێناو چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان، بەجۆرێک ببێتە هۆکاری خۆشگوزهرانی گەلانی ناوچەکە". . سەرۆککۆماری عێراق، جەختی لەوەکردهوە:"عێراق بە هیچ شێوەیەک نابێتە گۆڕەپانێک بۆ جەنگێکی نوێ و ناوەندێک بۆ ململانێ و دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ". . بە گوێرەی ڕاگەیهندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیھان و چۆنیەتی ئارامکردنەوەی دۆخەکە و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە، جەختیشیان لە پەنابردن بۆ زمانی دیالۆگی ژیرانە کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. . لەڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، وەزیری دەرەوەی قەتەر دۆخی ئێستای ناوچەکەی بە هەستیار وەسفکردووە، بە پێویستی زانیوە پەرە بدرێت بە کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی ژیرو ئاشتیانە بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامیگیری ناوچەکە. . ئاماژە بەوەشکراوە لە دیدارەکەی سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی قەتەر، جەخت لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و قەتەر لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی گەلی هەردوو وڵات کراوهتهوه. .