گه‌ڕان

Shadow Shadow

ناس کورد زانیارییەکان ئاشکرادەکات

پەرلەمانتارانى گەنج و بێ خزمەتى وەزیفى چۆن خانەنشین دەکرێن؟ (تایبەت)

2020.01.15 - 15:53
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارانى گەنج و بێ خزمەتى وەزیفى چۆن خانەنشین دەکرێن؟ (تایبەت)

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- پەرلەمانى کوردستان سەرقاڵى دۆزینەوەى دەرچەیەکی تایبەتە بە چارەسەرکردنى گرفتى موچەى خانەنشینى ئەو پەرلەمانتارانەى خولى ئێستا و پەرلەمانتارانى خولەکانى پێشوو کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە ئاستى خانەنشینى یان خزمەتى وەزیفیان نییە، ناس کوردیش بەهێزترین پێشنیاز لەو بارەیەوە ئاشکرادەکات. . لەم خولەى پەرلەمانى کوردستاندا دەیان پەرلەمانتار هەن کە تەمەنیان لەخوار 45 ساڵیەوەیە، ئەوەش کەمترە لەو ئاستى تەمەنەى کە حکومەت لە پڕۆژەیاساى چاکسازییدا وەکو مەرج بۆ خانەنشینبوون دایناوە، هەروەها چەندین پەرلەمانتارى دیکەش هەن کە پێشتر فەرمانبەر نەبوون، ئەوانیش مەرجى خانەنشینى نایانگرێتەوە کە حکومەت بە 15 ساڵ خزمەت دیاریکردووە. . ماوەى دوو ڕۆژە چەند لیژنەیەکى پەرلەمان لەناویاندا لیژنەکانى یاسایی و دارایی، سەرقاڵى نوسینەوەى دوایین ڕاپۆرتى خۆیانن لەبارەى پێشنیازى پەرلەمانتاران لەسەر پڕۆژەیاساکە بۆ ئەوەى سبەینێ پێنجشەممە لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا بخرێنە دەنگدانەوە، بەشێک لە پێشنیازەکانیش تایبەتن بەوانەى تەمەنیان نەگەیشتووەتە ئاستى خانەنشینى. . بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد، بەگشتى دوو پێشنیاز هەن بۆ موچەى خانەنشینى پلە باڵاکان بە جۆرێک ئەوانەى تەمەنیان گەیشتووەتە 45 ساڵ و خزمەتى وەزیفیان هەیە بە 15% بۆ 50% خانەنشین بکرێن، ئەوانەشى تەمەنیان نەگەیشتووەتە 45 ساڵ یان خزمەتى وەزیفیان نییە بە 15% بۆ 25% خانەنشین بکرێن. . سەرکۆ گەڵاڵى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى یەکێتى (تەمەن 33 ساڵ) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "چەند پێشنیازێک هەیە لەو بارەیەوە، بەڵام ئاڕاستەکان بەرەو ئەوەن کە ڕێژەى خانەنشینى ئەوانەى تەمەنیان نەگەیشتووەتە 45 ساڵ یان تەمەنیان لەسەرووى ئەوەوەیە و خزمەتی وەزیفیان نییە، لەنێوان 15% بۆ 25% بێت، کە دەکاتە ملیۆنێک و 300 بۆ ملیۆنێک و 700 هەزار". . وتیشى، "ئەو پێشنیازە تەنها بۆ پەرلەمانتارانى ئەم خولە و خولەکانى پێشووە، خولى ئایندە ناگرێتەوە". . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە کە خۆی دەڵێت لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى خانەنشینى پلە باڵاکاندا بووە، پەرلەمانتارانى خولى پێشوو کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە 45 ساڵ یان تەمەنیان لەسەر ئەو ئاستەوە بووە و خزمەتیان نەبووە، موچەى خانەنشینیان لە شەش ملیۆن و 400 هەزار دینارەوە کەمدەبێتەوە بۆ ملیۆنێک و 300 هەزار دینار. . بەپێی ئەو ئامارانەى دەست ناس کورد کەوتووە، بەگشتى 75 پەرلەمانتارى ئەم خولە مەرجى خانەنشینى نایانگرێتەوە، بەپێی پڕۆژەیاساى چاکسازى کە پێکهاتوون لەوانەى تەمەنیان نەگەیشتووەتە 45 ساڵ، لەگەڵ ئەوانەى خزمەتیان نییە. . هەروەها بەگشتى ئەو پەرلەمانتارانەى کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە 45 ساڵ لەم خولەى پەرلەمان و خولەکانى پێشوو ژمارەیان 70 کەسن. . روپاک ئەحمەد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵ بە ناس کوردى ڕاگەیاند، دوو پێشنیازى سەرەکى هەن، 15% بۆ 50% بۆ ئەوانەى دەیانگرێتەوە و تەمەنیان گەیشتووەتە 45 ساڵ و خزمەتیان هەیە، 15% بۆ 25% بۆ ئەوانەى نایانگرێتەوە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى تەواوەتى خانەنشینى، دەبێت یەکێک لەوانە دەنگ بهێنێت. . ئەو پەرلەمانتارە کە یەکێک لە گەنجترین پەرلەمانتارەکان و تەمەنى (31) ساڵە، بەوتەى خۆى لەکۆبوونەوەى پەرلەماندا داوایکردووە خانەنشینى پلە باڵاکان هەڵبوەشێنرێتەوە دەڵێت "پەرلەمانتاران خۆیان لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا پێشنیازى کەمکردنەوەى موچەى خانەنشینیان کردووە، بۆیە دەبێت خۆیان دەنگ بە پێشنیازەکانیان بدەن".