ناس کورد-
دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی و دوژمنایەتی، بۆ یەکەمجار و بە ئاشکرا دەزگای هەواڵگریی تورکیا و سوریا کۆبونەوەیەکیان لە ئاستی باڵادا ئەنجامدا و لە پاش کۆبوونەوەکەش بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لێدوانی دژ بەیەکیان دا.
.
شەوی ڕابردوو، 13ی کانونی دووەمی 2020، هەریەکە لە عهلی مهملوك، سهرۆكی نوسینگهی ئاسایشی نیشتمانیی سوریا و هاكان فیدان، سهرۆكی دهزگای ههواڵگریی توركیا و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسانی باڵای هەردوو دەزگاکە له مۆسكۆ و به سهرپهرشتی و بەشداری چەند بەرپرسێکی ڕوسی كۆبونەوە.
.
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، خوڵوسی ئاكار، وهزیری بهرگریی توركیا بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی وتووە: "توركیا دهیهوێت ئاشتی و سهقامگیریی له ناوچهكه بهدیبهێنێت و لەنێو ئەو کۆبونەوەیەشدا نوێنەرانی تورکیا باسیان لەوە کردوە کە بەرپرسان و دەزگاکانی هەردوولا کار بکەن بۆ ئەوەی دۆخی سوریا ئارام بکەنەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کار بۆ سەقامگریکردنی ئاسایشی سوریا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکەن".
.
لە بەرامبەردا، عهلی مهملوك، سهرۆكی نوسینگهی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی سوریا بە ئاژانسی سانای سەر بەحکومەتی سوریای ڕاگەیاندوە: "دەبێت سەرجەم هێزە بیانییەکان لە تەواوی سوریا بکشێنەوە و ئێمە دەمانەوێت سەروەری تەواوی خاکی سوریا پارێزراو بێت و هیچ هێزیکی تێدا نەبێت کە لەسەر داوای ئێمە نەهاتبێت، هەروەها ئاشتی لە وڵاتەکەمان هەبێت و هیچ بەشێکی خاکەکەشمان هێرشی نەکرێتەسەر".
.
عهلی مهملوك باسی لەوەشکردووە: "زۆر بەگرنگی دەزانین کە تورکیا پابەند بێت بەو ڕێککەوتنەی سوتچی کە 17ی کانونی یەکەمی 2018 دەربارەی ئیدلب و ناوچەکانی دیکە واژووکراوە بۆ بردنە دەرەوەی هەموو چەکە قورسەکانی دەست گروپە تیرۆستییەکانی سوریای ئازاد لەو شارانەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سوریای ئازادەوە داگیرکراوە".
.
"ناکرێت بابەتى کورد لە دەرەوەى کۆبوونەوەکان بوو بێت"
.
بەپێی ڕای چاودێرانی سیاسی، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەو شێوەیە ناکرێت باس کورد و ڕۆژئاوای تێدا نەکرابێت.
.
بەرپرسێکی تورکی بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى بە ڕۆیتەرزی وتووە لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەواڵگری هەردوو وڵات باسیان لە "کارکردنی پێکەوەیی کردووە لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات."
.
لەلایەکی ترەوە، بورهان غلیون، شیکەرەوەی سیاسیی و نوسەری سوری بە کەناڵی حوڕەی ئەمریکی وتووە کە "کۆبوونەوەکە دەستپێشخەرییەکی ڕوسییە بۆ ئاساییکردنەوە و بەستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕژێمی سوریا لە چوارچێوەى هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ مانەوەى ڕژێمی ئەسەد تاوەکو بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی دانی پێدا بنرێت و مامەڵەى لەگەڵ بکرێت."
.
غلیون دەشڵێت، "بەڵام تەنانەت ئەگەر هەموو جیهانیش دانی پێدابنێت جارێکی دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ داواوە وەک ئەوەى هیچ ڕووینەدابێت، بەشار ئەسەد ناتوانێت وەک سەرۆک بەردەوام بێت، بۆیە هەوڵەکەى ڕوسیا هەنگاوێکی سەرنەکەوتووە."
.
غلیون ڕاشیگەیاند کە "ستراتیژی تورکیا ڕوبەڕوبوونەوە و نەهێشتنی هێزە چەکدارییە کوردییەکانە لە سوریا، بەڵام ڕژێمی سوریا دەیەوێت فشار بخاتە سەریان لەپێناو قبوڵکردنی مەرجەکانی."
.
دەشڵێت، "پێم وایە هەماهەنگی ئەو دوو دەزگایە هەواڵگری دەبێت و لەوە زیاتر هیچی لێ سەوز نابێت."
.
ئەوە لەکاتێکدا ڕوسیا و تورکیا ڕێککەوتنی سوچییان واژۆ کرد و ڕێککەوتنی لەسەر ناردنی هێزی ڕوسی و تورکی بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ دەرکردنی هێزە کوردییەکان و داماڵینی چەک لە ناوچە سنورییەکان تورکیا-سوریا.