کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بڕی ئەو پارەیەی ئاشکراکرد کە بەپێی پێشنیازە جیاوازەکان بۆ بڕگەى خانەنشینی پلەباڵاکان لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا پەرلەمانتاران وەریدەگرن و ڕایگەیاند، بەگوێرەی پێشنیازەکەى فراکسیۆنەکەى 111 پەرلەمانتارەکە مانگانە 135 ملیۆن وەردەگرن، بەڵام بەپێی پێشنیازێکی دیکەش مانگانە 295 ملیۆن دینار وەردەگرن. . شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی پێشنیارهكهى فراكسیۆنى یهكگرتوو بۆ خانهنشینى پهرلهمانتاران و پلە باڵاکان لە هەژماری خۆی بڵاویکردەوە: "بەگوێرەی پێشنیازەکەی ئێمە بۆ ههر 111 پهرلهمانتارهكه مانگانه دهكاته 135 ملیۆن دینار، بهڵام پێشنیارى لایهنهكانى دیکە مانگانه دهكاته زیاتر له 295 ملیۆن دینار، واتا پێشنیارهكهى ئێمه دوو هێنده پاره بۆ دارایی گشتى دهگهڕێنێتهوه ". . ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای چاکسازی چەند پێشنیازێک خرایەڕوو، کە یەکەمیان خانەنشینبوونی پلە تایبەتەکانە بە 25٪ بۆ 50٪ی کۆی گشتیی دوایین موچە، کە 78 پەرلەمانتار بێ خزمەتی 15 ساڵ و تەمەنی 45 ساڵ لەم خولەدا بەرێژەی 25٪ ی دوایین موچەیان دەیانگرێتەوە و خانەنشین دەبن و 33 پەرلەمانتاری دیکەیان کە ئەو دوو مەرجەیان تێدایە بە 50٪ى دوایین موچەیان خانەنشین دەبن و کۆی تێچووی ھەردوو جۆرە خانەنشینیەکە پێکەوە واتە ھەموو 111 پەرلەمانتارەکە دەکاتە زیاتر لە (295 ملیۆن)ی مانگانە، بۆیە فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو و نەوەی نوێ لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا نین. . شێرکۆ جەودەت ئەوەشی خستووەتەڕوو: "پێشنیازی دووەم کە ئێمە کردومانە، ئەوەیە کە 33 پەرلەمانتار کە مەرجی 15 خزمەت و 45 ساڵ تەمەن دەیانگرێتەوە، وەک ئەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عیراق داوایدەکات بەو مەرجەی کۆی گشتی خانەنشینیان زیاترنەبێت لە نیوەی دوایین مووچەی پەرلەمانتاریان کە کۆی گشتی تێچووی ئەو پێشنیارە دەکاتە (135 ملیۆن) مانگانە". .. بە وتەی شێرکۆ جەودەت، پێشنیازی سێیەم ئەوەیە کە خانەنشینی پلە تایبەت بەگشتی ھەر نەمێنێت کە ئەمە پێچەوانەی سیستمی خانەنشینیە و پێشێلی مافی ئەو بەڕێوەبەرە گشتیی و پسپۆڕ و پلە تایبەتانە دەکات کە خزمەت و تەمەنی زۆریان ھەیە و مانگانە پارەی خانەنشینیان لێبڕداوەو ناکرێت ئەو پارانەیان نەدرێتەوە دوای خانەنشینبونیان بەماف و شایستەیی یاساییان. . ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی ئەنجامدا و ئەوەی مشتومڕی زۆری لەسەر دروستبوو، مادەی حەوتەمی یاساکە بوو کە تایبەتە بە خانەنشینی پلە باڵاکان و تەنانەت بەهۆیەوە گرژی و شەڕ لەنێو پەرلەمان دروستبوو، لە کۆتاییدا چەند پێشنیازێک خرایەڕوو و بڕیاڕیشە، پێنجشەممەی داهاتوو ئەو پێشنیازانە و سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند بکرێت.