گه‌ڕان

Shadow Shadow

پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای کورد دامەزراندنی لە پەروەردەى کەرکوک ڕاگرت

2020.01.14 - 16:42
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای کورد دامەزراندنی لە پەروەردەى کەرکوک ڕاگرت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- دوای ئەوەی کورد و تورکمان ناڕەزاییان دەربڕی لەسەر پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایان لە پارێزگاکە، بە بڕیارێکی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق دامەزراندن لە پەروەردەی کەرکوک ڕاگیرا و پێداچوونەوە بە لیستی ناوەکاندا دەکرێت. . جەمال شکور، نوێنەری شاری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوەکرد: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە له‌ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مان له‌ سه‌ر داوای نوێنه‌رانی کورد کۆبوونه‌ی تایبه‌ت به‌ کێشه‌ی دامه‌زراندن له‌ په‌روه‌رده‌ی که‌رکوک به‌ سه‌رپه‌رشتی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان و نوێنه‌رانی پێکهاته‌کانی که‌رکوک به‌ڕێوه‌چوو که‌ تێیدا لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی په‌یوه‌ندیدار له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی که‌رکوک کرا". . وتیشی، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رکه‌وتوو بوون له‌ ده‌رکردنی بڕیارێک بۆ ڕاگرتنی دامه‌زراندن له‌ په‌روه‌رده‌ی که‌رکوک تا ئه‌و کاته‌ی وردبینی ته‌واو له‌ دۆسییه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کرێت که‌ ناوه‌کانیان ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ و سه‌ره‌تا ده‌بێت لیژنه‌که‌ی په‌روه‌رده‌ی که‌رکوک وردبینی تێدا بکه‌نه‌وه‌ و دواتری لیژنه‌یه‌ک له‌ په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌کاته‌وه‌. . جەمال شکور ئاماژەی بەوەشکرد: " ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مرۆمان هیوایه‌که‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ پێیان وایه‌ سته‌میان لێکراوه‌، هەربۆیە داوا له‌و دەرچووانە دەکەین که‌ ناویان ده‌رنه‌چووه‌ و سته‌میان لێکراوه‌ سکاڵاکانیانمان پێشکه‌ش بکه‌ن تا بتوانین هاوکار و پشتیوانیان بین". . چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پەروەردەی کەرکوک لیستی ناوی دامەزرێنراوانی بڵاوکردەوە و پێکهاتەی عەرەب لە شارەکەدا نزیکەی 62%ی دامەزراوەکان پێکدەهێنن، هاوکات کورد 20% و پێکهاتەی تورکمانیش 17%ی دامەزراوەکان پێکدەهێن، کە ئەوەش ناڕەزایی زۆری لای پێکهاتەی کورد و تورکمان دروست کرد. . هەر لە دوای ئەوەش، ئەنجومەنی مامۆستایانی دانەمەزراو لە کەرکوک لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەشکرد، داوا لە هەمو لایەنەکان دەکەن "رێگری لەو هەڵمەتی نادادپەروەری و گەندەڵییە بگرن کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک بەڕێوەدەچێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین دامەزراندن بە گوێرە رێژەی نەتەوەکان بێت لە شاری کەرکوک".