کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- موقتەدا سەدر جموجۆڵەکانی دەستپێکردووە بۆ کۆکردنەوەى گروپە چەکدارییە شیعییەکان، بە ئامانجى دروستکردنى بەرەیەکى بەرگریى (مقاومة) یەکگرتوو بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق. . ئەمڕۆ دووشەممە، 13ى کانونى دووەمى 2020، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەگەڵ چەند سەرکردەیەکى گروپە چەکدارییە شیعییەکان کۆبووەوە، لەناویاندا ڕابەرى بزوتنەوەى نوجەبا و کەتائیبى سەید شوهەدا. . نەسر شەمەرى وتەبێژ بەناوى بزوتنەوەى نوجەبا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەکە بۆ دروستکردنى بەرەیەکى بەرگریى یەکگرتوو بوو لەپێناو دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا و سەرجەم هێزە بیانییەکانى دیکە لە عێراق بەشێوەیەکى تەواوەتى". . پێشتر سەدر لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان داوایکرد بوو بەپەلە بڕیارى کردنە دەرەوەى هێزەکانى ئەمریکا و داخستنى باڵیۆزخانەى ئەو وڵاتە بدرێت، هەروەها گروپە چەکدارییەکانى ناوەوە و دەرەوەى عێراق بەرەیەکى یەکگرتوو پێکبهێنن. . شەمەرى وتى، "گروپەکانى بەرگریى عێراقى دەرفەت و ماوەیەکیان بۆ پەرلەمان و حکومەت دیاریکردووە، لەپێناو گرتنەبەرى ڕێگەى دیبلۆماسی و سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە بوونى هێزە بیانییەکان لە عێراق و پشتیوانى هەڵوێستى حکومەت لەو بارەیەوە". . باسى لەوەشکردووە، زۆربەى گروپە چەکدارییەکان بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا، لەناویاندا عەسائیبى ئەهلى حەق و کەتائیبى سەید شوهەدا و بزوتنەوەى نوجەبا و سەرایا سەلام و نوێنەرانى گروپەکانى دیکە.