کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- وەزیری بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەگەر هەیە ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان ڕۆڵی خۆی لە سەرکردایەتیکردن لە دەستبدات، دەبێت بەریتانیاش ئامادەی ئەوەبێت کە بەبێ پشتبەستن بە ئەمریکا، بەشداری لە شەڕەکانی جیهاندا بکات. . ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ى کانوونی دووەمی 2020، ڕۆبێرت وۆڵس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە لێداوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "سەندەی تایمز"ی بەریتانی ڕایگەیاند "پێویستە بەریتانیا ئامادەی ئەوە بێت کە بەبێ پشتبەستن بە ئەمریکا، بەشداریی لە شەڕەکانی جیهاندا بکات، چونکە لەوانەیە ئەمریکا ڕۆڵی جیهانیی خۆی وەک بەهێزترین وڵاتی جیهان لەدەستبدات". . ئاماژەی بەوەشکردووە، بەریتانیا لە ئەگەری ئەوەی ئەمریکا ڕۆڵی سەرکردایەتیی خۆی لەسەر ئاستی جیهان لەدەستبدات، نیگەرانە، ئەوەش وایلێکردووە کە شەوان خەویان لێنەکەوێت. . وۆڵس بە باشى دەزانێت، حکومەتی بەریتانیا پێداچوونەوەیەک بە لیستی بەرگریی نیشتمانیدا بکات بۆئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا پشت بە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و فڕۆکە سیخوڕییەکانی نەبەستێت. .باسى لەوەشکردووە، لە ساڵى ڕابردوودا بینیان ئەمریکا لە سوریا کشایەوە، پاشان ترەمپ بەیاننامەیەکى لەبارەى عێراقەوە دەرکرد، ئەوەش دەخوازێت هاوپەیمانى ناتۆ سەرکردایەتى بگرێتەدەست و هەوڵەکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چڕ بکاتەوە.
.
قسەکانى وەزیرى بەرگرى بەریتانیا دواى گفتوگۆکانى هەفتەى ڕابردووى نێوان وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و هاوتا بەریتانییەکەى دێت، لەبارەى ترسەکانى هەردوو وڵات لەبارەى بەرنامەى موشەکى ئێرانییەوە.
.
بەریتانیا پەیوەندییەکى تایبەتى لەگەڵ واشنتن هەیە لە بوارى سیاسەتى دەرەوە و بە هاوپەیمانێکى بەهێزى ئەمریکا دادەنرێت، هەروەها بە پشتیوانێکى سەرەکى ئەو وڵاتە دادەنرێت لە هاوپەیمانى ناتۆدا.