گه‌ڕان

Shadow Shadow

عادل عەبدولمەهدی داوای لە بەرپرسانی کورد کردووە بکرێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟

2020.01.12 - 15:02
عادل عەبدولمەهدی داوای لە بەرپرسانی کورد کردووە بکرێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟
ناس کورد- هۆکاری سەردانی لەناکاوی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و پاشان پارتی و یەکێتی لە هەولێر و سلێمانی، کاردانەوەى جیاوازی بەدوای خۆیدا بە تایبەت لەم کاتەدا کە بەغدا بە دەست چەندین کێشەى وەک توندتربوونی بارگرژییەکانی ئێران و ئەمریکا، خۆپیشاندانەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنێت. . دوێنێ شەممە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق سەردانی هەولێری کرد و بە جیا لەگەڵ سەرۆکى هەرێم، سەرۆکى و شاندی حکومەتى هەرێم و بارزانیدا کۆبووەوە. . دواتر سەردانی سلێمانی کرد و لە ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو حزبەدا کۆبوونەوە و لە سەرجەم ڕاگەیەنراوەکاندا باس لەوەکراوە کە "دۆخی عێراق بە گشتی، پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند و بارگرژییەکانی ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ کردووە." . هەردوای سەردانەکە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق و بەشێک چالاکان و شیکەرەوە سیاسییەکان ڕایانگەیاند کە "عادل عەبدولمەهدی بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری کورد ڕۆشتووەتە هەرێم و دەیەوێت جارێکی تر بە سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێرێتەوە." . تەنانەت ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە خوێندکاران و خەڵکی نەجەف خۆپیشاندانیان ئەنجام لەدژی "هەوڵەکان بۆ دووبارە ڕاسپاردنەوەى عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران." . ناس کورد پەیوەندی بە چەندین بەرپرسی بەشدار و ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی عەبدولمەهدی کرد لەبارەى ڕاستی یاخود هۆکاری نهێنی پشت سەردانەکەى، سەرجەمیان ڕەتیان کردەوە کە لە کۆبوونەوەکاندا باس لە دووبارە ڕاسپاردنەوەى ناوبراو کرابێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی. . لە وەڵامی پرسیاری ئایا عەبدولمەهدی داوای لە بەرپرسانی کورد کردووە پشتگیری بکەن بۆ بوونەوە بە سەرۆکوەزیران، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە ناس کوردی وت: "خۆم لە کۆبوونەوەکەدا بوم و بە هیچ شێوەیەک عادل عەبدولمەهدی داوای نەکردوە لەو پۆستەدا بمێنێتەوە، یاخود دوبارە هەڵبژێرێتەوە". . هاوکات عیماد ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە کۆبونەوەکەی دوێنێدا تەنها باسکردنی بارودۆخی عێراق و بابەتی دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان و چۆنیەتی ڕوبەڕووبوونەوەى مەترسى و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم پرۆسەى سیاسى و دۆخى ئەمنى تاوتوێ کران". . عیماد ئەحمەد وتیشی: "عادل عەبدولمەهدی هیچ پەیامێکی تایبەتی پێنەبوو، هەروەها هیچ داوایەکیشی لە ئێمە نەکردوە بەڵکو تەنها باسی دۆخی ناوخۆی عێراقمان کردووە". . بەرپرسێکی تری کورد کە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە و نەیویست ناوی بهێنرێت بە ناس کوردی وت، "ئێمە هەڵوێستی خۆمان لەسەر ڕوداوەکانی عێراق بە عادل عەبدولمەهدی و شاندی یاوەری وتووە و جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە و هەماهەنگى زیاتر لە نێوان هەردوولادا هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".