گه‌ڕان

Shadow Shadow

پێنج پرسی تایبەت کە عادل عەبدولمەهدی گەیاندە هەولێر و سلێمانی ئاشکرادەکرێت

2020.01.11 - 23:38
 پێنج پرسی تایبەت کە عادل عەبدولمەهدی گەیاندە هەولێر و سلێمانی ئاشکرادەکرێت
ناس کورد- پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا پێنج پرس ئاشكرادەکات کە عەبدولمەهدی گەیاندە هەرێم و هەندێک سەرچاوەش باس لەوەدەکەن، ناوبراو دەیەوێت ببێتەوە سەرۆکوەزیران و بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری کورد هاتووەتە هەرێم، بەڵام بەرپرسێکی یەکێتی ئەوە بە ئەگەرێکی قورس دەزانێت. ، ئەمڕۆ شەممە 1ی کانونی دووەمی 2020، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بەسەردانێک گەیشتە هەولێر و بەجیا لەگەڵ، شاندێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم،  سەرۆکایەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کۆبووەوە و دواتریش بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت و لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتی کۆبووەوە. ، ئەگەرچی بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکان، کۆبوونەوەکان دەربارەی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق بوون و هیچ زانیارییەکەی ئەوتۆی ناو کۆبوونەوەکان ئاشكرانەکران، بەڵام پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا پێنج پرسی ئاشكراکردووە کە عەبدولمەهدی هێناوەتە هەرێم و هەندێک سەرچاوەش دەڵێن، عەبدولمەهدی دەیەوێت ببێتەوە سەرۆکوەزیران و بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری کورد هاتووە. ، عەلی جەبار، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: "عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەرێکەری عێراق، دەیەوێت لە ماوەی مانەوەی لە دەسەڵاتدا گرێکوێرەی دۆسیەی هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر وبەغدا بکاتەوە". ، وتیشی: "نەوتی کوردستان و هەناردەکردنی، پشکی کوردستان لە بودجەی گشتی 2020ی عێراق، داهاتی دەروازە سنورییەکان و پەیوەست بوونی هەرێمی کوردستان بە مامەڵە داراییەکانی لە گەڵ بەغدا، پرسی پێشمەرگە و ڕێکارەکانی چۆنێتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و کونتڕۆڵکردنی سنورکانی عێراق لەگەڵ  تورکیادا گرنگترین ئەو دۆسێیانەن". ، پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری زۆرە  پاش گەڕانەوەی عەبدولمەهدی لە هەرێمی کوردستان پرسی میواندارێتی لە پەرلەمان بخرێتە بەرباسی دانیشتنەکانی پەرلەمانەی عێراقەوە. ، هاوکات بەشێک لە میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەڕێمی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە: " پێدەچێت جارێکی دیکە عادل عەبدولمەهدی ڕابسپێردرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و هۆکاری سەردانەکەشی بۆ هەرێم بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە کوردییەکانە بۆ ئەو مەبەستە". ، لە بەرامبەردا پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەوبڕوایەدا نیم عادل عەبدولمەهدی جارێکی دیکە بەنیازبێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە و لایەنەکانیش پێناچێت ئەو پلانەیان هەبێت". ، وتیشی، خۆپیشاندانەکانی عێراق کۆتایی نەهاتووە و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیش یەکێک بوو لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران، کەواتە ئەگەرێکی قورسە دووبارە کاندیدکردنەوەی ئەو بۆ ئەو پۆستە.