کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد، تۆڕێکی سیخوڕیی خۆجێی عێراقی و سوری سەر بە ئەمریکییەکان زانیاری وردیان لەسەر دواین جموجۆڵەکانی قاسم سولەیمانی داوەتە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا پێش کوشتنی بەچەند کاتژمێرێک.
.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی هەواڵیی "ڕۆیتەرز"، پێش کوشتنی سولەیمانی بە چەند کاتژمێرێک، ناوبراو لەگەڵ چوار پاسەوانی خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی جام ڕەشەوە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی دیمەشق، لەوێشەوە بەبێ ئەوەی ناو و زانیارییەکانیان لە لیستی سەرنشینەکانی فڕۆکەکەدا تۆماربکرێت، بە فڕۆکەیەکی ئیرباس 320 سەر بە کۆمپانیایی" ئەجنیحەی شام" سوری بۆ فڕۆکەوانی، بەرەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گەشتیان کردووە.
.
دەشڵێت، "وەک ڕێکارێکی ئەمنی سولەیمانی نەیویستووە بە فڕۆکە تایبەتییەکەی خۆی گەشتەکەی ئەنجامبدات، چونکە چەند جارێک هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و مەترسی لەسەر ژیانی هەبووە".

بەپێی ڕاپۆرتەکە کە زانیارییەکانی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقییەوە وەرگرتووە، لێکۆڵێنەوەکان دەرباری ڕووداوی کوشتنی ئەو دوو سەرکردەیە بە سەرپەرشتی فالح فەیاز، سەرۆکی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت.
.
ئاماژە بەوەشکراوە، لێکۆڵێنەوەکان لە ئێستادا چڕکراونەتەوە لەسەر ئاشکراکردنی ئەو تۆڕە سیخوڕییەی کە زانیاری بە ئەمریکییەکان داوە لەسەر جموجۆلەکانی قاسم سولەیمانی.
.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەر لە یەکەم ساتی کوشتنی سولەیمانی و موهەندیسدا، ناوچەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقییە گەمارۆ دراوە و ڕێگریش کراوە لە هاتنە ژوورەوە و چوونەدەرەوەی کارمەندان و ئەفسەران و ئەندامانی پلە باڵای دەزگاکانی هەوڵگریی و ئاسایشی نێو فڕۆکەخانەکە.
.
راپۆرتەکە دەشڵێت کە "لە ئێستادا گومان لە چوار کەس دەکرێت کە پێدەچێت ئەوانە هەواڵدەرەکانی ئەمریکا بن، ئەو چوارکەسەش، دووانیان عێراقیین، کە کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدان و دووانەکەی دیکەشیان سورین، کە لە ئێستادا ئەو دووانە لەلایەن دەزگای هەوڵگریی سوریاوە دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان."

ئاماژە بەوەشکراوە، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە "ئەو هەواڵدەرانەی کە لەلایەن عێراق و سوریاوە دەستگیرکراون، پێشبینی ئەوەیان لێدەکرێت کە بە تەنها نەبن بەڵکۆ ئەندام بن لە تۆڕێکی سیخوریی فراوانتەر، ئەوەشخراوەتەڕوو، لێکۆڵەرە عێراقییەکان دڵنیان لەوەی کە یەکەم زانیاری دەرباری قاسم سولەیمانی و جموجۆلەکانی لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە دراوە بە ئەمریکییەکان.
.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، فڕۆکەکەی سولەیمانی کاتژمێر 12.30ی ڕۆژی 3ی کانونی دووەم گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی بەغدا، سولەیمانی و پاسەوانەکانی ڕاستەوخۆ لە فڕۆکەکە هاتوونەتە خوارەوە بێ ئەوەی بە فەرمانگەی گومرکی فڕۆکەخانەکەدا تێپەربن، هەرپاش هاتنە خوارەوەیان لە فرۆکەکە، لەلایەن ئەبومەهدی موهەندیسەوە پێشوازیان لێکراوە، لە دوایشدا سولەیمانی و موهەندیس سواری ئۆتومبێلێکی زریپۆش بوون و پاسەوانەکانیشیان لە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا سەرکەوتوون.
.
باس لەوەشکراوە کە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بە بەرچاوەی کارمەندانی ئەمنی فڕۆکەخانەکەوە بەڕەو ڕێگای سەرەکی دەرەوەی فڕۆکەخانە بەڕێکەوتوون، پاش بە ڕێکەوتنیان بە چەند خولەکێک، هەردوو ئۆتومبێلەکە کراونەتەى ئامانج ئەوەش لە کاتژمێر 12:55ی شەودا دا بووە.
.
بەگوێرەی ڕویتەرز، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا تائێستا هیچ زانیارییەکی دەرباری چۆنیەتی بەئامانجکردنی سولەیمانی و موهەندیس ئاشکرا نەکردووە، تەنها ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەوان ماوەیەکی زۆرە چاودێری جموجۆڵەکانی سولەیمانی دەکەن.
.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 3ى کانونی دووەمی 2020، لە بۆردومانێکی فڕۆکەکانی ئەمریکا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک فەرماندەی ئێرانی و حەشدی شەعبی کوژران.