ناس کورد-
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، قاسم سولەیمانی پلانی داناوە باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا بتەقێنێتەوە بۆیە ئەوانیش کوشتیان.
.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بە ڕۆژنامەنوسانی وت، "کەمێک دوای ئەوەى سولەیمانی چووەتە بەغدا کوشتمان، چونکە ئەو دەیوست باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا بتەقێنێتەوە."
.
دەشڵێت، "ئێمە دڕندەیەکی مەترسیدارمان کوشت، دەبوایە چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەو کارە بکرایە."
.
ئەوە لە کاتێکدایە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هیچ زانیارییەکیان نەبووە لەسەر کات و شوێنی ئەو پلانەى کە سولەیمانی دەیویست ئەنجامی بدات بۆسەر ئەمریکا."
.
پۆمپیۆ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، "هیچ گومانێکمان نییە کە زنجیرە هێرشێک بۆسەر ئەمریکا بەڕێوەبوو کە سولەیمانی پلانی بۆ دانابوون، بەڵام بە وردی کات و شوێنەکەی نازانین، بەڵام زانیارییەکان ڕاستین."
.
ڕۆژی 3ی کانونی دووەمی 2020، لەدوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەى بەغدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەى فەیلەقی قودسی ئێران و مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی بە بۆردومانی فڕۆکەى ئەمریکی کوژران.
.
ئەوەش زیاتر ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکای توندکرد و چوار ڕۆژ دواتر، ئێران بە موشەکی بالستی هێرشی کردە سەر هەردوو بنکەى سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و حەریر لە هەولێر کە سەربازی ئەمریکی تێدا جێگیرکراوە.