کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بڕیاری لەبارەی پشووی سبەینێی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نەداوە کە چاوەڕواندەرکێت شەپۆلێکی بارانبارینی چڕ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
سامان سیوەلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند، وەزارەتەکەیان تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەبارەی پشووی سبەینێوە نەداوە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی بڕیاردانی پشووی لە قوتابخانەکاندا داوەتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و پەروەردەی قەزاکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لەراگەیەندراوێكی بەشی پێشبینی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەست ناس كورد كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە لە ئەنجامی چالاكبوونەوەی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، پێشبینی دەكرێت لەئێوارەی ئەمڕۆوە بارانبارینی بەلێزمە و هەورە تریشقە ڕوو بكاتە هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیەندراوەكە پێشبینی دەكرێت ناوچەكانی شەنگال و سەنتەری شاری دهۆك و زاخۆ و ئامێدی و سەرسەنگ و سەنتەری شاری سلێمانی و چەمچەماڵ و رانیە و سەنتەری پارێزگەی هەولێر و ناوچە شاخاوییەكان بارانێكی زۆر و بەلێزمە بیانگرێتەوە و پێشبینی دەكرێت لەماوەی ئەم چالاكبوونەوە لەسەرووی 40 ملیم باران ببارێت.