ناس کورد-
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆی بێ مەرج لەگەڵ ئێران دەربڕی و جهختی لهسهر ئهوه كردهوه وڵاتهكهی وهك بهرگریكردنێك فهرماندهی فهیلهقی قودسی له نزیك فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی بهغدا كوشتووه.
.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 9ی کانونی دووەمی 2020)، کیلی کرافت، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نارد و دەربارەی دواین ههڵوێستی وڵاتەکەی دەربارەی کێشەکانیان لەگەڵ ئێران، ئامادهیی گفتوگۆ و دانوستاندنی دهربڕیوه.
.
کیلی کرافت لە نامەکەدا ئاماژهی بهوه كردووه :"کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئهمریكا، کارێکی ناچاری بوە ولەپێناو بەرگریکردن لەخۆمان و وڵاتەکەمان ئەنجاممان داوە، کارەکەش یاسایی بوە و بەپێی یاسای 51ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پارێزگاری خودی ئەنجام دراوە".
.
کرافت روونیكردهوه:"پێشتریش نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی هەمان ماددە بڕیاری شەڕکردن و کوشتنی چەکداران و فەرماندەکانی سەر بە داعشی لەساڵی 2014 پەسەند کرد، بۆیە ئێمە کارێکی نایاساییمان ئەنجامنەداوە"، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ وتەکانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە وتبووی "ئەمریکا بەکوشتنی سولەیمانی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ژێرپێ خستووە و تیرۆرێکی جیهانی ئەنجامداوە".
.
نوێنەرهکەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان روونیكردۆتهوه :"ئەمریکا بەهەموو شێوەیەک ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێک لەگەڵ ئێراندا بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان بۆ ئهوهی ڕێگری لە شەڕ بكات و لهپێناوی ئهوهی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەوێتە مەترسی زیاترەوە، هەروەها ئامادەیە گوێ لەپێشنیازەکانی ئێرانیش بگرێت بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن".
.
لێدوانهكهی كرافت دوای ئهوه هات كه شەوی ڕابردو دۆناڵد تڕەمپ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە زۆرینەی بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی ئامادەی بوون وتی :"ئێمە کۆتا سنورمان بۆ ئێران داناوە و ئێران دەبێت کۆتایی بە کەمپینی تیرۆری جیهانی و هەوڵەکانی بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر هێزەکانمان و یارمەتی گروپە چەکدارەکان بهێنێت و ئەگەر وانەکات زیانی قورسی بەردەکەوێت و سزای قورستری بەسەردا دەسەپێنین".
.