کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لەسەر پێشنیازى پەرلەمانى کوردستان، حکومەتى هەرێم دوو بڕگەى نوێی بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازى موچە و خانەنشینى پەسەندکرد کە تایبەتن بە کەمترین موچەى خانەنشینى و شایستەى دارایی موچەخۆران. . ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم دواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، "ئەنجومەنی وەزیران دوای ڕاوێژ لەگەڵ لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمان، دوو بڕگەی نوێی بۆ پڕۆژەیاساى چاکسازى پەسەند کرد". . ڕونیشیکردوەتەوە، بڕگەى یەکەم تایبەتە بە پاراستنی گشت شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە ئەژمێرێک کە وەزارەتی دارایی وئابووری بە رێنماییەک رێکیدەخات، بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ئەولەویەتدانی حکومەت بە پێداچوونەوە بە کەمترین مووچەی خانەنشینی لە دەرئەنجامی ئەو بڕە پارەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت بگەڕێتەوە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پاش تەشریعکردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان. . هەر لەکۆبوونەوەکەدا و لەبارەى ئاڵۆزییەکانى ئەمریکا و ئێرانەوە، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت رایگەیاند "ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و ناوچەکە نین، چونکە زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی زیاتر و چالاکیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەرەخسێنێ بە تایبەتی داعش". . جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و ناوچەکەیە و هیواشى خواست هەموو لایەنەکان ڕێز لە ڕۆڵی هاوسەنگانەی هەرێمی کوردستان بگرن . . مەسرور بارزانى ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی مافە دەستوریی و موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.