کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
بەر لە چەند کاتژمێرێکی كەم لە دەستپێکردنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی خۆیان یەكلایی كردەوە و بڕیاریاندا بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکەن.
هەورامان گەچێنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند "بڕیارمانداوە بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بکەین، بەڵام دەنگ بە پڕۆژە یاساکەی پارتی و گۆڕان نادەین".
هاوکات، سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، بە ناس کورد-ی وت " وەک فراکسیۆنی یەکگرتو بڕیارمانداوە بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بکەین، سەبارەت بە دەنگدانیش بە پڕۆژە یاساکەی پارتی و گۆڕان لە داهاتوودا هەڵوێستی خۆمان دەبێت".
بەپێی زانیارییەكانی ناس كورد كە لەزاری ئەندامانی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ دەستی كەوتووە، تا ئێستا ئەو دوو فراکسیۆنە بڕیاری کۆتاییان نەداوە لەبارەی بەشداریکردن یاخود بایکۆتکردنی دانیشتنەکە و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەئێستادا بۆ ئەو مەبەستە لەكۆبوونەوەدان.
بڕیارە کاتژمێر( 3)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی ئاسایی ژمارە (3)ی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و تیایدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت كە پڕۆژەی هاوبەشی فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانە.