گه‌ڕان

Shadow Shadow

پوتین لە سوریاوە چووە تورکیا.. کەشتییە سەربازییەکەشی گەیشتە دەریای ناوەڕاست

2020.01.08 - 00:01
پوتین لە سوریاوە چووە تورکیا.. کەشتییە سەربازییەکەشی گەیشتە دەریای ناوەڕاست
ناس کورد- ئەمشەو ڤلادیمێر پوتین بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، ئێستاش میوانی ئەردۆگانە لە ئەستەنبوڵ. . ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی کانونی دووەمی 2020، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆککۆماری ڕوسیا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا. . هەروەها هەر ئەمشەو، گەیشتە فرۆکەخانەى ئەستەنبوڵ و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. . هاوکات جگە لە کۆبونەوەکەش بڕیارە پوتین بەشداری بکات لە كردنەوەی پرۆژەی "سەیلی توركی" كە بۆ ناردنی غازی ڕوسیا بۆ توركیا دامەزراوە. . لە سوریا، ڤلادیمێر پوتین لەگەڵ سەربازە ڕوسی و سورییەکاندا بە هاوڕێیەتی بەشار ئەسەد بە چەند گەڕەک و شەقامێکی شاری دیمەشقدا سوڕانەوە و سەردانی مزگەوتی مێژویی ئەمەوییەکان و کڵێسای مەریەمەیان کرد. . هاوکات، کۆبونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سوپای ڕوسیا و سوریا ئەنجام دا. . کۆشکی کرملن لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، "هەردوو سەرۆککۆمار جەخیتان لە یەکێتی خاکی سوریا و گەڕاندنەوەى تەواوی ناوچەکان کردووە بۆژێر دەستی حکومەت". لەلایەکی ترەوە، ئاژانسی سپۆتینگی ڕوسی ڕایگەیاند کە "دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ کەشتی موشەکهەڵگری "مارشاڵ ئۆستینۆف" تایبەت بە سوپای دەریایی ڕوسیا نۆکەندی بوسفور و دردنیلی بەجێهێشتووە و گەیشتووەتە ئاوەکانى دەریای ناوەڕاست." . دەشڵێت، "ناردنی ئەو کەشتییە جەنگییە بۆ کەنارئاوەکانى سوریا بەبێ پلانی پێشوەختە بووە و بەهۆکاری ئەگەری ڕوودانی ڕوبەڕوبوونەوەى سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران بووە لە ناوچەکە" . ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕوسیا و سوریا و تورکیا ماوەی زیاتر لە چەند مانگێکە سەرقاڵی ڕێککەوتنن لەسەر شاری ئیدلب کە ئێستا گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریای تێدایە.