گه‌ڕان

Shadow Shadow

لیژنەى دارایی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەى کۆبووەوە

ئەگەری زۆرە هەفتەى داهاتوو پڕۆژەیاسای چاکسازی پەسەند بکرێت

2020.01.07 - 18:18
App store icon Play store icon Play store icon
ئەگەری زۆرە هەفتەى داهاتوو پڕۆژەیاسای چاکسازی پەسەند بکرێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لەگەڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەکە پەسەندکرا، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕاپۆرتەکە دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت. . لە ڕاگەیەندراوێکدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردن و ڕوونكردنه‌وه‌ى زیاتر له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى چاكسازى و ئاماده‌كردنى ڕاپۆرتى كۆتایى لیژنه‌ی دارایی، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه، 7ی کانونی دووەمی 2020، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سرور بارزانى و قوباد تاڵەبانی و تیمێکی حکومەت کۆبوونەوە. . ئاماژە بەوەشکراوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواین گفتوگۆ و تاوتوێى ته‌واوى ماده ‌و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى له ‌خانه‌نشینى و موچه ‌و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى دیكه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان-عێراق كرا و چه‌ندین پرسیار و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌مه‌به‌ستى ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى زیاترى پڕۆژه‌یاساكه‌ ئاڕاسته‌ى خرانه‌ڕوو. . بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەت، له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاپۆرتى لیژنه‌كه‌ په‌سه‌ندكرا و بڕیاره‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممەش لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى كاروبارى یاسایی له‌په‌رله‌مانى كوردستان كۆببێته‌وه‌  له‌ئه‌گه‌ری بوونى هه‌ر سه‌رنج و تێبینییه‌كى یاسایی. . هاوکات، زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ڕاپۆرتەکە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە، هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت". . هاوکات سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕەتیکردەوە لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و تیمەکەی حکومەت باسیان لە دروستکردنی هەژمار کردبێت بۆ پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و ئاماژەی بەوەکرد: "لە ڕابردوودا ڕەنگە پێشنیازی لەو شێوەیە کرابێت، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا نا و ئەوەی باس دەکرێت تەنها قسەیە و هیچ بڕیارێک بۆ ئەو بەمەبەست بوونی نییە".