کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی باوکى، زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی ڕایگەیاند، باوکی خەوی لە چاوی ئەمریکا و ئیسرائیل زڕاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ى کانونى دووەمى 2020، ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی و نوێژکردن لەسەر تەرمی قاسم سولەیمانى لە شارى تاران بەئامادەبوونى بەرپرسانى باڵا و هەزاران هاوڵاتى ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، زەینەب قاسم سولەیمانى، کچی قاسم سولەیمانی وتارێکى خوێندەوە و چەند وتەیەکی ئاڕاستەی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کرد و وتى "باوکمان بۆ ڕێزگرتن و گوێڕایەڵى ئێوە ئێمەى پەروەردەکرد، گەورەترین شانازى ئەوە بوو سەربازێکى شایستەى ئێوەیە و گیانى بەخت کرد بۆ ئەوەى ببێتە سەربازێکى تۆ، نەک شەهیدبوونى ببێتە مایەى دەرکەوتنى خەم و نیگەرانى بەڕوخسارتەوە".
هاوکات لە وەسفی باوکیدا، کچەکەی سولەیمانی باسی لەوەکرد "حاجى ئاغا خەوى پشووى لە چاوى ئیسرائیل و ئەمریکا لەناوچەکەدا زڕاندووە و بەرگریکردنى بردووەتە قۆناغى دامەزراوەییەوە".
هەروەها، زەینەب سولەیمانى ئامادە و پێشوازى گەرمى خەڵکى ئێران و عێراقى لە ڕێوڕەسمەکەدا بۆ بەهێزى و یەکگرتووى ئەو نەتەوانە بەڕووى ئەمریکادا گەڕاندەوە و کۆبوونەوەى ئەو جەماوەرەشی لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە باوکی بە پەیامێک زانى کە دەبێت بگاتە ئەمریکا.