گه‌ڕان

Shadow Shadow

حزبوڵا‌ هەڕەشە لە پەرلەمانتارە کوردەکان دەکات.. ناهێڵین قاچتان بخەنە بەغدا

2020.01.05 - 10:03
App store icon Play store icon Play store icon
حزبوڵا‌ هەڕەشە لە پەرلەمانتارە کوردەکان دەکات..  ناهێڵین قاچتان بخەنە بەغدا

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- حزبوڵای عێراق هەڕەشەی ڕێگریکردن لە چونی پەرلەمانتارانی کورد دەکات بۆ بەغدا و پەرلەمان ئەگەر بێت و دەنگ بە مانەوەى ئەمریکا بدەن لە عێراق. . ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ئەبومەهدی موهەندیس، دامەزرێنەری کەتائیبی حزبوڵا لەگەڵ قاسم سولەیمانی لە بۆردومانی ئەمریکادا لە بەغدا کوژران، لایەنە شیعەکان داوای دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەکەن و بڕیارە ئەمرۆش دانیشتنى پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبچێت. . ئەمڕۆ یەک‌شەممە، 5ی کانونی دووەمی 2020، مەکتەبی سیاسی کەتائیبی حزبوڵای عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: "پێویستە ڕێککەوتنامەی ئەمنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەمریکا بە تەواوەتی ڕێککەوتنامەکەی پێشێلکردوە و هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەمان و سەرکردەکانمانی کوشتووە، ئەوەش هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکە دەکات بە ئەمری واقیع". . مەکتەبی سیاسی حزبوڵای عێراقی ئاماژەی بەوەداوە کە "لە ئێستادا گەلەکەمان بریندار و خەمبارە، چاوی لە بڕیارەکانی ئێوەیە، بۆیە ئێمە داوا دەکەین لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆتاندا ئازایەتی و مەردێتی خۆتان نیشان بدەن و ئومێدی ئەوەمان پێتانە کە لە دانیشتەنەکەی پەرلەمانتان بکەن بە ڕاپەڕینێک بۆ گەڕانەوەی کەرامەت و خوێنی ڕۆڵەکانمان بۆ دەرکردنی سوپای تیرۆرستی ئەمریکا". . حزبوڵا دەشڵێت کە "دەبێت پەرلەمانتاران دەنگ بدەن بۆ دەرکردنی سوپای ئەمریکا، ئێمە دەزانین بەشێک لە پەلەمانتارە کوردەکان و لایەنە کوردییەکان پشتگیری لە مانەوەی ئەمیرکا دەکەن بەڵام دەبێت هەموومان بزانین کە ئەمریکا دۆستێک نییە پشتی پێببەسترێت و هاوپەیمانی هەمیشەیی نییە". . لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئێمە قبوڵی ناکەین پشتگیری مانەوەی ئەمریکا بکەن لە پەرلەمان، ئەگەر کارێکی وا بکەن ئیتر ناهێڵین قاچ بخەنە ناو بەغداوە و ڕێتان لێدەگرین، ئیتر مامەڵەشتان لەگەڵ ناکەین و سەرجەم پەیوەندییەکانیشتان لەگەڵ دەپچڕێنین و بەرژەوەندییەکانمان بەردەوامی نابێت و نێوانی ئێمە و ئێوە کۆتایی دێت". . هەروەها شەوی ڕابردوو، حزبوڵا نامەیەکی بۆ محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ناردوە و پێی وتراوە کە "هەموومان تۆمان بینی کە سەرکۆنەی باڵیۆزخانەی ئەمریکات کرد لە بریندارکردنی خۆپشاندەر و لایەنگرەکانی حەشدی شەعبی و سبەینێش هەمومان چاومان لەسەرتە کە هەڵوێستێکی نیشتمانی بنوێنیت و لەسەر دژایەتی ئەمریکا بەردەوام بیت و بڕیاری کردنە دەرەوەی سوپای داگیرکەری ئەمریکا بدەیت لە عێراق".