کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا کە ساڵی 2010 ماڵپەڕی ویکیلیکس دزەی پێکردووە، ساڵی 2007 قاسم سولەیمانی لە سوریاوە پەیامێکی بە مام جەلالدا ناردووە بۆ ئەمریکییەکان لە عێراق..
بەپێێ بەڵگەنامەکە دزەپێکراوەکە، ڕۆژی 22ی کانونی دووەمی 2007، زاڵمای خەلیلزاد، باڵێۆزی ئەمریکا لە عێراق ناوەڕۆکی قسەکانى جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری ئەو کاتەى عێراق ناردووەتەوە بۆ وەزیری دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا. . لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، کاتێک ساڵی 2007 جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری ئەوکاتەى عێراق سەردانی سوریای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەشار ئەسەد و بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران خۆی گەیاندووەتە سوریا بۆئەوەى بە مام جەلالدا پەیامەکەى بگەیەنێتە ئەمریکییەکان. . لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە "قاسم سولەیمانی بە مام جەلالی وتووە کە ئەمریکا و ئێران بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە عێراق و هەردووکیان بۆ یەک بەرژەوەندی هاوبەش کار دەکەن کە ئەویش سەرکەوتنە بەسەر تیرۆر و سەقامگیرییە لە عێراق." . قاسم سولەیمانی سوێندی بە گۆڕی خومەینی خواردووە کە "یەک فیشەک بەڕوی ئەمریکییەکاندا ناتەقێنێت" بەڵام دانی ناوە بەوەی سەدان کەسی لە عێراق هەیە و لە ژێر فەرمانی ئەودا کاردەکەن، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە هیچ هێرشێکیان کردبێتەسەر ئەمریکا لە عێراق. . سولەیمانی بە مام جەلالی وتووە کە "ئامادەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەى بەرپرسانی عێراقەوە هەماهەنگی ئەمریکا بکات و دەیەوێت ستراتیژی نوێی عێراق سەرکەوتوو بێت." . هاوکات سولەیمانی دانی بەوەدا ناوە کە "ئەو ئێرانییانەى کە لە هەولێر دەستگیرکراون سەر بە بەسیجن و پەیوەندییان بە سوپای قودسەوە نییە" و دانی بەوەشدا ناوە کە ویستوویانە "بەریتانییەکان بە ئامانج بگرن." . هەر بەپێی بەڵگەنامەکە، "مام جەلال هۆشداری داوە بە سولەیمانی و داوای لێکردووە هێرشەکانیان دژی بەریتانییەکان بوەستێنن و ئەویش ڕەزامەندبووە کە بگەڕێتەوە بۆ تاران و لەگەڵ خامنەییدا گفتوگۆی ئەو بابەتە بکات." . قاسم سولەیمانی بە مام جەلالیشی وتووە کە "ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکات لەسەر ئاسایشی عێراق و هاوکارییان بکات لە ئاسایشی بەغدا و باشور و میلشیاکانى مەهدی و پشتگیری نوری مالکی (سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەى عێراق) بکات بۆ لەناوبردنیان". . هەروەها پێی وتووە کە "گفتوگۆکان دەکرێت بە یەکێک لەم سێ ڕێگایە بن، یان لەڕێگەی پەیامەکەی تاڵەبانییەوە، یان چاوپێکەوتنى دووقۆڵی (ئەمریکا و ئێران)، یاخود کۆبوونەوەى عێراق و ئێران بەڵام بە ئامادەیی ڕاوێژکارانەى ئەمریکا."