کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئەبوبەکر هەڵەدنی ڕایگەیاند، 30 هەزار ژن وەک پێشمەرگەی شاخ و بە پلەى سەربازی لە هەرێمی کوردستان خانەنشین کراون. . ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لە وتارێکیدا لە چوارەمین دیداری دەروازەى ڕاپەڕین بۆ گفتوگۆی پڕۆژەیاسای چاکسازی ڕایگەیاند، 115 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بە پلەى سەربازی خانەنشینکراون لەکاتێکدا "ئێمە لە چڵەپۆپی شۆڕشی کوردیدا بە هەموو لایەنەکانى بەرەی کوردستانییەوە 10 هەزار پێشمەرگەمان نەبووە". . ئەبوبەکر هەڵەدنی پرسیار دەکات کە "ئەو پێشمەرگانە لەکوێ بوون؟، ئەوە سوکایەتییە کە بەعسی و موستەشار و ئەنفالچییەکان لەگەڵ پێشمەرگە ڕاستەقینەکاندا موچەی خانەنشینی وەردەگرن." . ئەبوبەکر هەڵەدنی جەختیکردەوە لەوەى پێویستە لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا جارێکی تر موچە ڕێکبخرێتەوە و دەبێت موچەى پلە باڵاکان "لەسەر هەرسێ بنەمای هاوسەنگی و دادپەروەری و شکۆی دامەزراوەکان" ڕاستکردنەوەى بۆ بکرێت و لیستى سەرجەم موچەخۆرانیش پاکبکرێتەوە." . ئاماژەى بەوەشکرد، "پڕۆژەیاساکە هەموو چاکسازییەک نییە بەڵام دەستپێکە و بریتییە لە ڕێکخستنەوەى موچە و ڕاستکردنەوەى هەڵەى 28 ساڵی حکومڕانی کوردی کە بەهەدەردان لە موچەدا کراوە." . ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا 768 هەزار فەرمانبەری هەمیشەیی هەن، 619 هەزاریان فەرمانبەری ڕاستەقینەن و ئەوانی تر لە هێزەکانى ناوخۆن. . ئاماژەى بەوەشکرد، "246 هەزار خانەنشینی مەدەنی هەن و 420 هەزار موچەخۆری تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتیش، هاوکات 24 هەزار و 898 فەرمانبەری گرێبەستیش هەن لەگەڵ 97 هەزار دۆسیەى شەهید". . وتیشی، "دەبێت لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا پاکسازی لەمانەدا بکرێت و دەبێت گەرەنتی بۆ پاشەکەوتی موچە بدۆزرێتەوە".