گه‌ڕان

Shadow Shadow

قاسم سوله‌یمانی كێ بوو؟ بۆ به‌شه‌هیدی زیندوو ناوده‌برا؟

2020.01.03 - 15:37
App store icon Play store icon Play store icon
قاسم سوله‌یمانی كێ بوو؟ بۆ به‌شه‌هیدی زیندوو ناوده‌برا؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-   ئەو پیاوەى کە بەپڵنگەكه‌ى سوپاى پاسداران ناسرابوو و لەلایەن ڕابەرى باڵاى ئێرانیشەوە نازناوى شەهیدى زیندووى پێبەخشرابوو زۆر هاوکێشەى سیاسى و سەربازى ناوچەکەشى دەگۆڕى، ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، قاسمى سولەیمانى کێ بوو؟. . قاسم سولەیمانى لە 11ى ئازارى ساڵى 1957 لەشارۆچکەى ڕاپورى پارێزگاى کرمان لەخێزانێکى جوتیار لەدایک بووە. . لەتەمەنى گەنجێتى کارى لەچەند رێکخراوێکى تایبەت بەئاو کردووە ولەسەرەتاى سەرهەڵدانى شەڕى ئێران و عێراقدا پەیوەندى بەسوپاى پاسدرانەوە کردووە و کراوەتە فەرماندەى فەیلەقى 41ى ساروڵڵا دواتر ئەستێرەى بەختى سیاسى و سەربازى گەشاوەتەوە و بووەتە ناوێکى دیارى سەربازى لەناوچە سنورییەکانى ئێران لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەدا. . لەساڵانى نەوەدەکاندا کراوەتە فەرماندەى سوپاى پاسداران لەپارێزگاى کرمانى هاوسنورى ئەفغانستان و بەهۆى ئەزمونى سەربازییەوە توانیویەتى بەرەنگارى بەقاچاخبردنى مادە هۆشبەرەکان ببێتەوە. . ساڵى 1998 کراوەتە فەرماندەى فەیلەقى قودسى سەر بە سوپاى پاسداران لەشوێنى ئەحمەد وەحیدى. . کاتێک ساڵى 1999 ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى خوێندکاران لەسەردەمى محەمەد خاتەمیدا دەستى پێکرد، یەکێک بوو لەو 24 فەرماندە سەربازییەى کە نامەیەکیان بۆ خاتەمى نارد و تیێدا هەڕەشەى ئەوەیان کرد گەر بێتو حکومەت ئەو دۆخە چارەسەر نەکات ئەوا سوپاى پاسداران ڕووبەڕووى ئەو جوڵانەوەیە دەبێتەوە و کودەتاش به‌سەر سەرۆکدا ده‌كه‌ن. . دواى ئەوەى ساڵى 2007 یەحیا ڕەحیم سەفەوى لەپۆستى فەرماندەى گشتى سوپاى پاسداران وازدەهێنێت سولەیمانى کاندیدێکى بەهێز دەبێت بۆ شوێنەکەى. . ساڵى 2008 دەکرێتە فەرماندەى تیمێکى ئێرانى بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنى عیماد مەغنیەى فەرماندەى سەربازى حزبوڵاى لوبنانى و لەهەمان ساڵدا نێوه‌ندگیرى لەنێوان شەڕو ناکۆکى سوپاى عێراق و سوپاى مەهدى بەسەرۆکایەتى موقتەدا سەدڕ دەکات. . دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا دەڵێت، سولەیمانى ڕاهێنانى بەچەند چەکدارێکى عەرەب کردووە  لەبۆسنە بۆ ئەوەى بیاننێرێت  بۆ ناوچە سنورییەکانى نێوان ئەفغانستان و ئێران لەساڵانى نێوان 1996 و 1997 کە لەو کاتەدا ئێران و بزوتنەوەى تاڵیبان ناکۆکییان هەبووە. .   ساڵى 2011 لەلایەن ڕابەڕى باڵاى ئێرانەوە پلەکەى لەلیواوە بۆ فەریق لە سوپاى پاسداران بەرز دەکرێتەوە و نازناوى شەهیدى زیندووى پێدەبەخشرێت و بەفەرمانى خامنەیى سەرپەرشتى سیاسەتى دەرەوەى ئێران لەژمارەیەک وڵات لەوانە عێراق و لوبنان و ئەفغانستان دەکات و چەندین کادیرى تایبەتمەند لەکونسڵگەرى و باڵیۆزخانە و دەزگاکانى ترى ئێران لەناوچەکە دەخرێتە خزمەتیەوە. . بەپێى چەند زانیارییەکى دزەپێکراویش، ساڵى 2009 لەنوسینگەى جەلال تاڵەبانى قاسم سولەیمانى لەگەڵ هەر یەکە لەکریستۆفەر هێڵ و ژەنراڵ ڕایمۆند ئەدیرۆنۆ کە دوو بەرپرسى باڵاى ئەمریکا بوون لەعێراق کۆبووەتەوە، بەڵام ئەو دەنگۆیە لەلایەن ئەو بەرپرسەوە ڕەتکرایەوە. . ساڵى 2012 دواى ئەوەى بارودۆخى سوریا تێکده‌چێت، قاسم سولەیمانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەو وڵاتە سەرپەرشتى میلیشیا چەکدارەکانى حزبوڵڵاى لوبنانى و عێراقیەکان لەشەڕێکى نزیک دیمەشق دەکات و دەتوانێت پاشەکشە بەچەند گروپێکى ئۆپۆزسیۆنى سوریا لەو ناوچەیە بکات.   . دواى سه‌رهه‌ڵدانی داعش و کەوتنى موسڵ، قاسم سولەیمانى بەئاشکرا لەبەرەکانى شەڕى دژى داعش لەعێراق دەردەکەوت، بەتایبەتى لەشەڕى ئامرلى لەپارێزگاى سەڵاحەدین بەهێزیکەوە دەچێتە هاریکارى میلیشیا شیعەکان و هێزەکانى پێشمەرگە و گەمارۆى سەر ئەو ناوچەیە دەشکێنێت و بەپێى وتەى هادى عامریش گەر قاسم سولەیمانى نەبوایە ئەوا حکومەتى حەیدەر عەبادى بەخاک دەسپێردرا. . لەکاتى ناکۆکى و شەڕەکانى یەمەندا دواى دامەزراندنى هاوپەیمانى عەرەبى بەسەرۆکایەتى سعودیە دژى حوسییەکانى یەمەن، باس لەوە کراوە ناو بەناو قاسم سولەیمانى سەردانى بەرەکانى شەڕى حوسییەکان لەدژى سعودیە کردووە. . ساڵى 2016 لەپرۆسەیەکى سەربازیدا بەهاوکارى سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى بۆ سەر شارى فەلوجە دواى شەڕەکە لەلایەن لایەنگرانى حەشدى شەعبیەوە وێنەى نورى مالیکى و سولەیمانى پێکەوە لەبەرەکانى ئەو شەڕە بڵاو کرانەوە. .   دواى ڕوداوەکانى ڕیفراندۆمەکەى هەرێم و 16ی ئۆکتۆبەر لەکەرکوک، لەلایەن هەندێ پارتی کوردییەوە قاسم سولەیمانى بەوە تۆمەتبار کرا کە سەرپەرشتى هێزەکانى عێراقى بۆ داگیرکردنى کەرکوک کردووە، بەڵام ئەو دەنگۆیە لەلایەن ژمارەیەکى حزبى کوردى ترەوە ڕەتکرایەوە. . به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) له‌ بۆردومانێكی ئه‌مریكا كه‌ كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی كرده‌ ئامانج له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداوه‌ له‌گه‌ڵ مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كوژران. .