کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هۆشداری دەدات، لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕوبارەکان بەهۆی بارینی بارانی زۆر و لافاوەوە، داوا لە هاوڵاتیانی حەوت پارێزگاش دەکات خۆیان بپارێزن.
لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی وەزیران عێراق ڕایگەیاندووە: "بەهۆی زۆربوونی ئاوی دیجلە لە ئەنجامی باران و لافاوی زۆرەوە، هاوڵاتیانی عێراق بە تایبەت ئەوانەی نزیکی ڕووبارەکانن ئاگادار دەکەینەوە خۆیان لە مەترسی خنکان و ئاو بردن بپارێزن".
لەو هۆشدارییەدا هاوڵاتیانی پارێزگاکانی (سەڵاحەدین، کەرکوک، بەغدا، دیالە، واست، میسان و زیقار) ئاگادارکراونەتەوە بەوەی خۆیان بە دوور بگرن لە گۆماو و ڕوبارەکان بۆئەوەی بەرزبوونەوەی ئاوی ئەو شوێنانە زیانی گیانی و ماڵیان پێنەگەیەنێت.
داوا لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی ئاو پاش ئەوەی دەرگای لافاوەکانی سەر ڕوباری دیجلە دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی ڕوداوی نەخوازراو ڕونەدات.
لەو بەیاننامەیەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات لە هەر ڕوداو و مەترسییەک دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت ئاگادار بکەنەوە.
پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك نووسراوێكی ئاڕاستەی ئیدارەی پارێزگای شارەكە كرد و هۆشداری لە دروستبوونی گەورەترین لافاو لەشارەكە دا.
لە نووسراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكانی كەركووكدا پێشبینی بەهێزترین باران و دروستبوونی گەورەترین لافاو لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەکات.
نووسراوەكە كە ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك كراوە، ئاماژە بەوە دەكات بەهۆی بارینی بارانێكی بەخوڕ لە رۆژانی 30 و 31ی ئەم مانگە، كە دەكاتە رۆژانی شەممە و یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، پێشبینی دەكرێت ئاستی ئاو لە زێی بچووك بەرز بێتەوە و بەو هۆیەوە لافاوی گەورە درووست بێت.