کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2019ی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکانیش، لەمساڵدا زیاتر لە شەش هەزار کەس دەستگیرکراون و تائێستاش دۆسییەی زیاتر لە 700 کەسیان یەکلانەکراوەتەوە. . ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی کانونی یەکەمی 2019، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: "لەماوەی ئەمساڵدا، شەش هەزار و 411 کەیسی یاسایی لە گشت بنکەکانی پۆلیس و نوسینگەکانی نەهێشتنی تاوان تۆمارکراون و لە بەرانبەردا شەش هەزار و 212 تۆمەتبار لە گشت کەیسەکان دەستگیرکراون". . وتیشی، لە کۆی گشتیی کەیسەکان، پێنج هەزار و 398 کەیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان یەکلایی کراوەتەوە و ڕەوانەی دادگاکان کراون. . وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆی گشتیی تۆمەتبارانیش، 96 تۆمەتباریان بڕیاری کۆتاییان لە دادگا بۆ دەرچووە. . هاوکات سەبارەت بە بەندکراوان، هۆگر عەزیز ڕوونیکردەوە، تەنها 718 تۆمەتبار تاوەکو ئێستا کەیسەکانیان لەژێر لێکۆڵینەودا ماوە، واتە بەشێوەی رێژەیی، 78٪ ی کەیسەکان کۆتاییان پێهاتووە، تەنها 13٪ کەیسەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدا ماون.