گه‌ڕان

Shadow Shadow

عەمار حەکیم سەرقاڵی نێوەندگیرییە لەنێوان سەرۆککۆمار و هاوپەیمانی بینا

2019.12.29 - 13:57
App store icon Play store icon Play store icon
عەمار حەکیم سەرقاڵی نێوەندگیرییە لەنێوان سەرۆککۆمار و هاوپەیمانی بینا

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- چەند پەرلەمانتارێکی عێراقی پێشبینی دەکەن قەیرانی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی نوێ بەرەو چارەسەرکردن بڕوات بەهۆی ئامادەیی هاوپەیمانی بینا بۆ دیاریکردنی کەسێکی نوێ و نێوەندگیری چەند سەرکردەیەک لە نێوان سەرۆککۆمار و هاوپەیمانی بینا. . ئەمجەد عیقابی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سائیرون لە لیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیای فەرمی حکومەتى عێراقی وتووە کە "هاوپەیمانی بینا لە ئێستادا سەرقاڵی بەربژێرکردنی کەسێکی سەربەخۆ و بێلایەنە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا سەردانی سەرۆککۆمار دەکەن بۆ ئەوەی بەربژێرە کەیان پێشکەش بکەن". . هاوکات جاسم بەخاتی، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیکمەی سەر بە عەمارحەکیم بە میدیای فەرمی حکومەتى وتووە کە لە ئێستادا عەمار حەکیم، ڕابەری ڕەوتی حیکمە دەستیکردووە بە نێوەندگیری بۆ نزیکردنەوەی بۆچوونەکانی نێوان سەرۆککۆمار و هاوپەیمانی بینا بۆئەوەی بتوانرێت کەسایەتییەک بەربژێربکرێت بۆ ئەو پۆستە کە دڵخوازی شەقام بێت." . بەخاتی پێشبینی کردووە کە لەم هەفتەیەدا قەیرانەکە چارسەربکرێت و کەسێک بۆ پۆستەکە دیاری بکرێت. . لای خۆشیەوە، بەدر زیادی، پەرلەمانتاری سائیرون ڕایگەیاند: "پێویست ناکات هاوپەیمانی بینا سور بێت لەسەر بەربژێرێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چونکە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو سەرۆکوەزیرانێکی ڕاگوزر دەبێت بۆ ماوەیەکی کاتی، واتە تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنێکی گشتی لە عێراقدا ئەنجامدەرێت". . بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار، دوێنێ شەممە، 28ی کانونی یەکەمی 2019، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق گەڕاوەتەوە بەغدای پایتەخت. . ئەوەش لە كاتێكدایە ڕۆژی پێنجشەممە، بەرهەم ساڵح لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراقی كرد، ڕەتیكردەوە كە ئەسعەد عیدانی، بەربژێری هاوپەیمانی بینا بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران ڕابسپێرێت و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ دەستلەكاركێشانەوە.