کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئەنفلۆنزای بەراز یەکێکە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کە تۆشی کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ دەبێت، ناوی زانستی نەخۆشییەکە H1N1 و لە بنەڕەتدا توشی ئاژەڵی بەراز دەبێت، لەویشەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. . دوێنێ شەممە، 28ی کانونی یەکەمی 2019، ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەى شار لە سلێمانی ئاشکرایکرد کە "چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی H1N1 ناسراو بە پەتای ئەنفلۆنزای بەراز لە شاری سلێمانی تۆمار کراون." . ئومێد عەلی وتیشی، "سێ حاڵەتیان چارەسەریان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و ڕێکاری پێویستیش بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیراوەتەبەر." . پێشتر وا باو بووە کە ئەو نەخۆشییە ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام لەئێستادا ئەوە سەلمێنراوە کە ڤایرۆسەکە توشی مرۆڤیش دەبێت چونکە لە ڕابردوودا زۆر بە کەمی مرۆڤ توشی ڤایرۆسەکە دەبوو. . بە گوێرەی دەزگا تەندروستییە جیهانییەکان، ڤایرۆسی (H1N1) بەئاسانی دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام ئەوەى تائێستا ڕوون نەبووەتە چۆن بەو ئاسانییە بڵاودەبێتەوە. . نەخۆشییەکە هەمان نیشانەکانی هەڵامەتێکی ئاسایی هەیە، تووشبووەکە هەست بە تا و لەرز، سەرئێشە، هەوکردنی قورگ، سڕبوونی جومگەکان و هەستکردن بە ماندووبوون دەکات، هەندێک جار نەخۆشییەکە زیاتر کاریگەری دەبێت لەسەر کەسەکە و توشی سکچوون و ڕشانەوەى دەکات. . چۆن بڵاودەبێتەوە؟ . شێوازی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزای بەراز بە هەمان ڕێگەی هەڵامەت تەشنە دەکات و بڵاودەبێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پژمین و کۆکەی کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە و هەروەها لەکاتی بەکارهێنانی شتومەکەی کەسی تووشبوو. . ئەوەشخراوەتەڕوو کە پێش ڕۆژێک لە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە لە جەستەی کەسی تووشبوو و بێ ئەوەی کەسەکە بزانێت کە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە، نەخۆشییەکە بگوێزێتەوە بۆ کەسانی تر. . سەبارەت بە چۆنیەتی دوورکەوتنەوە و خۆپاراستن لەو جۆرە نەخۆشییە، دەزگا تەندروستییەکان بە پێویستی دەزانن کە مرۆڤ بەردەوام پارێزگاری لە پاکوخاوێنی دەستی بکات، چونکە لەڕێگەی دەستەوە ڤایرۆسەکە دەچێتە ناو چاو و دەمی مرۆڤەوە، هاوکات دەبێت مرۆڤ گرنگییەکی زۆر بە ئەنجامدانی وەرزش و خواردنە شلەمەنییەکان بدات. . سەبارەت بە چارەسەر و دەرمانی نەخۆشییەکە، دەزگا تەندروستییەکانی جیهان دەرمانی "ئۆسیلتامیڤیر و زانامیڤیر" "oseltamivir - zanamivir" دوو چارەسەری سەرەکین بۆ ئەو نەخۆشییە، ئەو دەرمانانەش دەبێت بە سەرپەرشتی پزیشک بەکاربهێنرێت، ئەوەش لەڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت وەک حەب و یاخود لەڕێگەی لوتەوە وەک گازێکی تایبەت، مرۆڤ لە کاتی وەرگرتنی ئەو چارەسەرانە کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکەی لەسەر کەمدەبێتەوە.