ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی سادیقونى سەر بە عەسائیبى ئەهەلى حەق لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان پشتگیریی لە هیچ بەربژێریک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناکات، ئەگەر ئەو بەربژێرە دڵخوازی شەقام نەبێت.
.
سەعد شاکر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ساديقونی سەربە عەسائیبی ئەهلی حەق بەسەرۆکایەتى قەیس خەزعەلى، بە ناس کوردی ڕاگەیاند "فراکسیۆنی سادیقون بەهیچ شێوەیەک داکۆکی لە بەربژێریکی دیاریکراو ناکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق".
.
وتیشی "نامانەوێت ئەو کەسەی کە بەربژێردەکرێت بۆ ئەو پۆستە ببێتە هۆکارى ئاڵۆزیی و مشتومڕی لایەنە سیاسییەکان و توڕەبوونی شەقام".
.
پەرلەمانتارەکەی سادیقون ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی ئیستای عێراق پێویست بەو دەکات کەسێکی بێلایەن، خاوەن ئەزموون لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی عێراقی پۆستی سەرۆکوەزیران پڕبکاتەوە.
.
سەعد شاکر، جەختی لەوەشکردەوە، کە دەبێت بەربژێری سەرۆکوەزیران دڵخوازی خۆپیشاندەران بێت و بەگوێرەی ئەو مەرجانە بێت کە ئەوان ئاماژەیان پێکردووە.
.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینى قەیس خەزعەلی ڕابەری عەسائیبى ئەهلى حەق ڕایگەیاندبوو، “بیانووەکانی” بەرهەم ساڵح بۆ ڕەتکردنەوەی بەربژێری فراکسیۆنی بنیادنان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، “نابەجێبوون”.
.
لەدواى ڕەتکردنەوەى کاندیدکردنى بەربژێری فراکسیۆنی بنیادنان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن سەرۆککۆمارەوە تا ئێستا هیچ کەسێکى دیکە بۆ ئەو پۆستە بەربژێر نەکراوە.
.
ئەمڕۆش، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کە لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف بەربژێر کرابێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام هەر زوو ئەو دەنگۆیە لەلایەن نووسینگەی یاسرییەوە ڕەتکرایەوە.