کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، لە کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتوودا بابەتى جیاکردنەوەى بانگەواز و سیاسەتیان لە قاچاخییەوە دەرکردووە و هێناویانەتە سەر مێز بۆ گفتوگۆکردن. . سەڵاحەدین بەهادین کە جارێکی تر خۆی بەربژێر کردووە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی حزبەکە لە وتارێکیدا لەناو هۆڵی کۆنگرە وتی، "چیتر بابەتى جیاکردنەوەى بانگەواز و سیاسەت وەک نەخۆشییەک تەماشا ناکرێت و تەنها لە دورەوە لێی بڕوانین، بەڵکو لەم کۆنگرەدا هێنراوەتە بەر باس و ئەندامانى کۆنگرە تاوتوێی دەکەن." . ئاماژەى بەوەشکرد، "ئەو بابەتە لە زۆر وڵاتی تر ئەنجام دراوە، لە هەندێکیان سەرکەوتوو بووە و لە هەندێکی تریان شکستی هێناوە، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ سەرجەم ئەگەرەکان گفتوگۆ دەکەین." . وتیشی، "ئێمە بە ئەخلاقی خۆمان و بێ نیشتیمان فرۆشی کوردایەتیمان کرد، ڕیفراندۆم هەنگاوێكی سەخت بوو بەڵام پەشیمان نین لە بەشداریكردن تێیدا". . ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی وتیشی، "لای یەکگرتوو تەنها یەک ئیسلام هەیە، ئیسلامی کوردی و ئیسلامی عەرەبی نییە و ئەوە بیدعەیەکی گەورەیە، ناونیشانی ئیسلامی لیبراڵی و ئیسلامی سۆسیالیستی نییە، ئێمە یەک ئیسلاممان هەیە و ئەویش ئیسلامی خودایە و لەڕێگەی پێغەمبەر موحەممەدەوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی هاتووە". . ئاماژە بەوەشکرد، "کاری یەکگرتوو بنیادنانی مرۆڤ و پەروەردە و پێگەیاندنیەتی، ئەوە بۆ ئێمە گرنگە یەکگرتووەکان لە هەرکوێ هەن، لە فەرمانگە، لە قوتابخانە یان بازاڕ، ببنە مایەی خێر و هەوێنی چاکسازی لە کۆمەڵگەی کوردستان".