گه‌ڕان

Shadow Shadow

کەواتە یاسای هەڵبژاردن لەدژی کوردە یان یەکێتی و پارتی؟

2019.12.24 - 22:11
App store icon Play store icon Play store icon
کەواتە یاسای هەڵبژاردن لەدژی کوردە یان یەکێتی و پارتی؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد – زۆربەى فراکسیۆنە کوردییەکان دژی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بوون و بە زیان بۆسەر دەنگ و پێگەی کورد ناوی دەبەن، بەڵام نەوەی نوێ و چەند شارەزایەکی یاسایی تر دەڵێن، یاساکە لە زیانی کورد نییە بەڵکو لە زیانی حزبەکانە. . ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی کانونی یەکەمی 2019، دوای چەندین دانیشتن و مشتومڕ، پەرلەمانی عێراق بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی خستە دەنگدانەوە و دواتر کۆی یاساکەشی پەسەندکرد. . حاكم شێخ له‌تیف، په‌رله‌مانتاری پێشووتری عێراق و شاره‌زای یاسا و ده‌ستور له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "پیرۆزە سیستەمی فرەبازنەیی، مەکەونە داوی ئەوانەی دەڵێن دژی کوردە ئەو یاسایە بەڵکو ئەو یاسایە دژی کورد نیە و تێپەڕاندنی فرەبازنەیی لە قازانجی دیموکراتی و خەڵکە و لە زیانی حیزبە گەورەکانە". . حاكم شێخ له‌تیف پێی وایە "باشترین سیستەمی هەڵبژاردن بۆ خەڵک و بۆ دیموکراتی فرەبازنەییە، حیزبەکانیش ناچار دەکات بەدوای باشترین و گونجاوترین و بەتواناترین بەربژێردا بگەڕێن، نەک کادیرە گوێڕایەڵەکانی خۆیان بنێرن بۆ موچە و ئیمتیازات". . هاوکات شاسوار عەبدولواحید کە جوڵانەوەکەى پێچەوانەی سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان دەنگی بە یاساکە دا ڕایگەیاند، ئەو فراکسیۆنە کوردییانەی کە دەڵێن زیانی کوردی تێدایە "ڕاست ناکەن، چونکە بەدڵنیاییەوە زەرەری حزبەکانی تیدایە و ئەم یاسایە لە هەژمونی حزب کەم دەکاتەوە و گرنگی دەدات بە تاک و بە خەڵکانی ئازاد و سەربەخۆ دەدات." . ئەو پێیوایە "بەپێی ئەم یاسایە کێ لە بازنەیەکدا لێوەشاوە و لێهاتوو بێت، ئەوە دەردەچێت، نەک بەربژێر حزب". . شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشداوە: "بەپێی ئەم یاسایە هەر بەربژێرێک لە بازنەیەکی بچووکی دیاریکراودا دەبێتە پارلەمانتار، کە خەڵکی ناوچەکە دەیناسن و ئەگەر کەمتەرخەم بێت دەتوانن لێپرسینەوەی لێبکەن، هەروەها ئەوەی دەڵێن پێگەی کورد کەم دەکات درۆیە، بەڵکو لە ڕاستییدا هەژموون و پێگەی یەکێتیی و پارتیی کەم دەکاتەوە، ڕێژەی کورد جێگییرە و لە ناوچە کوردییەکان هەر کورد یەکەم دەبێت، بەڵکو پارت و یەکێتی زەرەر دەکەن و کۆمپانیاکانیان پرۆژەی کەمتر وەردەگرن".   . بەڵام لەناو کورددا ڕای تر هەیە، هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕای وایە کە "ئەم یاسایە تەنها لە بەرژەوەندی حزبە گەورەکانە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئایندەش ڕاستی و دروستی ئەو دوڕا پێچەوانەیە دەردەخات". . هاوکات سەلیم شوشکەی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی حزبە گەورەکانە و دژی حزبە بچوکەکانە لە هەرێمی کوردستان و ئەگەر بێت و حزبە بچوکەکان هاوپەیمانی دروست نەکەن و لەگەڵ چەند حزبیکی تر پێکەوە بەشداری دەنگدان نەکەن ئەوا توشی شکستی گەورە دەبن و لە هەرێمی کوردستانیش تەنها یەکێتی و پارتی سودمەندی ئەم یاسایە دەبن و لەناوچە کێشە لەسەرەکانیش بەشێوەیەکی گشتی کورد زەرەر دەکات". . هەر لەوبارەیەوە، بەهار مەحمود، ئەندامى پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان کە هاوکات یاساناسیشە بە ناس کوردی وت: "سەرژمێرییەکى دروست بونى نییە، بۆیە بازنەى هەڵبژاردن لەسەر ئاستى قەزا کێشە و گرفت دروست دەکات، بە تایبەت کە سنورى ئیدارى چەندین قەزا و ناوچە تا ئێستا یەکلایى نەکراوەتەوە و بەو شێوەیەش بێت کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان دەنگى زۆر لە دەست دەدات". . بەهار مەحمود ڕای وایە کە "یەکێک لە مەترسییەکانى ئەو یاسایە دروستبونى کێشەى عەشایەرییە، ئەگەر بێت و بازنەى هەڵبژاردن لەسەر ئاستى قەزا بێت، ڕۆڵى عەشیرەتەکان زیاتر دەبێت لە حزبەکان، زۆر جاریش دوو عەشرەت یان دوو بنەماڵە لە قەزایەک بەربژێری خۆیان دەبێت و لەو کاتەشدا هەردوولا هەمو ڕێگایەک دەگرنەبەر بۆ سەرکەوتنى بەربژێرەکەیان کە ئەمەش مەترسیدارە و ئەگەرى پێکدادان زیاتر دەکات و ڕۆڵى حزبى سیاسیش وەک بنەمایەکى دیموکراتى لاواز دەکات". . مەریوان عارف عەلی کە شارەزایەکی بواری هەڵبژاردنە بە ناس کوردی وت: "ئەم یاسایە دیوی باش و خراپی هەیە بەڵام زۆرینەی لە بەرژەوەندی حزبە گەورەکانە و ئەگەر ئەوانیش کاندیدی زۆر دابنێن ئەوا توشی شکست دەبن هەروەها حزبە بچوکەکانیش ئەگەر بە هاوپەیمانی بەشداری نەکەن ئەوا توشی شکست دەبن". . مەریوان عارف عەلی باسی لەوەشکرد: "بەپێی ئەو یاسایە پارێزگایەکی وەکو سلێمانی دابەش دەکرێت بەسەر چەند بازنەیەکدا و بۆ هەر بازنەیەک 100 هەزار دەنگدەری دەبێت و سەرجەم دەنگەکانیش بۆ یەک بەربژێر دەبێت، ئەو بەربژێرەى کە زۆترین دەنگ بەدەست دەهێنێت دەردەچێت و هەر کەسێکیش لەو ژمارەیە زیاتر بەدەست بهێنێت دەنگەکانی دیکەی دەسوتێت و کەسی پێناچێتە پەرلەمان". . بەپێى یاساى نوێى هەڵبژاردن لە عێراق، بازنەى هەڵبژاردن لەسەر ئاستى قەزا دەبێت و  ئەگەر هاتوو قەزایەکیش ژمارەى دانیشتوانەکەى لە (100) هەزار کەس کەمتربوو، ئەوا لەگەڵ قەزایەکى دیکە بازنەیەکى هەڵبژاردن دروست دەکەن. . هاوکات شێوازى خۆپاڵاوتن کەسى دەبێت، بەشێوەیەک پاڵێوراوەکانی ھەر بازنەیەکی ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای کەسی (فردی) پێشکەش دەکرێن، نەک لەسەر بنەمای لیست، ئەمەش کرانەوەى زیاترە بەڕوى ئەو کەسانەى لە دەرەوەى حزبەکان خۆیان بەربژێر دەکەن. . بەپێى یاساکە، بەربژێری براوە لەسەر ئاستى قەزا ئەو کەسە دەبێت کە زۆرترین دەنگى بازنەى هەڵبژاردنەکە دەبات، چونکە شێوازى جیاکردنەوەى دەنگەکان لەسەر بنەماى زۆرترین دەنگە.