ناس کورد-
بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی بە دڵخوازی خۆپیشاندەران ناودەبات و دەڵێت، خۆپیشاندەران ئەویان پێباشە بۆ پۆستەکە، چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانیش ڕەتیدەکاتەوە ئەو دڵخوازی هەموو خۆپیشاندەران بێت.
.
تاوەکو دێت لەمپەرەکان لە بەردەم دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاد دەبن و هەریەکە لە سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و پەرلەمان و لایەنە سیاسیەکانیش تۆپەکە هەڵدەدەنە گۆڕەپانی یەکتر و خۆپیشاندەرانیش سەرجەم بەربژێرەکان ڕەتدەکەنەوە.
.
ئەمڕۆ، سێشەممە 24ی کانونی یەکەمی 2019، محەمەد توفیق عەلاوی کە یەکێکە لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە نوسراوێکدا کە لە زۆربەی میدیا عێراقییەکان بڵاوکرایەوە ئاماژەی بەوەکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشانداران کۆبووەتەوە و تاوتوێی شێوەی حکومەتی ئایندەی عێراقی کردووە، بە وتەی خۆشی خۆپیشاندەران ئەویان پێی باشە و ڕازین کە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرێت.
.
عەلاوی لە نوسراوەکەیدا ئاماژەی بە 11 خاڵ کردووە بۆ ئیداردانی حکومەتی ڕاگوزەری عێراق کە گرنگترینیان بریتین لە سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، پلانێکی ئابوری توکمە، هەموارکردنەوەی دەستور، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
.
لە بەرامبەردا، ئەحمەد خزر، چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر بە ناس کوردی ڕاگەیاند، عەلاوی لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی بەشێک لە خۆپیشاندەران کۆبووەتەوە، بەراورد بە بەربژێرەکانى دیکە تاڕادەیەک دڵخوازی جەماورە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەو گروپانە هاوڕابن لەسەر دیاریکردنی ئەو بۆ ئەو پۆستە.
.
وتیشی، لەئێستادا خۆپیشاندەران سەبارەت بە دیاریکردنی کەسیک بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بەرنامەی بەربژێرەکە دەکەنە پێوەر، بەشەکەی دیکەشیان کەسەکە خۆی دەکەنە پێوەر کە تا چەند دوورە لەلایەنە سیاسییەکانی پڕۆسەی سیاسی عێراق.
.
بە وتەی ئەو چالاکوانە، لەئێستاد 30%ی خۆپیشاندەران پشتگیری لە محەمەد تۆفیق عەلاوی دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
.
هاوکات ئهمڕۆ سێشهممه، میدیاکانی عێراق لەزاری چەند سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق بڵاویانکردەوە، محهمهد حهلبوسی، سهرۆكی پەرلەمانی عێراق، له ڕێگهی نوسراوێكی فهرمیهوه هاوپهیمانی بنیادنانی وهك گهورهترین كوتلهی پهرلهمانی بۆ سهرۆك كۆماری عێراق دیاریكردووە.
.
دوا بەدوای ئەو هەواڵەش چەند سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕەتیانکردەوە هیچ نوسراوێك لهبارهی دیاریکردنی گهورهترین كوتلهی پهرلهمانییهوه له سهرۆكی پەرلەمانەوە ڕەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرابێت.
.
له سهرهتای مانگی تشرینی یهكهمی ڕابردووهوه خۆپیشاندان و ناڕهزایی له بهغدای پایتهخت و شارهكانی دیکەی عیراق دهستیپێكردووه و بههۆیهوه زیاتر له 450 كهس كوژراون و زیاتر له 20 ههزار كهسیش برینداربوون.