گه‌ڕان

Shadow Shadow

بۆچى پەرلەمان ناتوانێت هەموارەکە تێپەڕێنێت؟

سەفقەى ژێر بەژێر بۆ تێپەڕاندنى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان

2019.12.23 - 22:39
App store icon Play store icon Play store icon
 سەفقەى ژێر بەژێر  بۆ تێپەڕاندنى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   پەرلەمانى عێراق نەیتوانى بۆ تەواوکردنى پڕۆسەى دەنگدان لەسەر هەموارى یاساى هەڵبژاردن کۆبێتەوە، پەرلەمانتارێکیش ڕایدەگەیەنێت گومانى بوونى "سەفقەیەکى ژێر بەژێر" دەکرێت لەنێوان حزبە گەورەکان بۆ تێپەڕاندنى پڕۆژەکە. . پەرلەمانى عێراق لە کۆبوونەوەى ڕۆژى چوارشەممە 18ى کانونى یەکەمى 2019دا، 14 ماددەى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکانى پەسەندکرد، بەڵام بەهۆى دروستبوونى پشێویی لەسەر چەند ماددەیەک کۆبوونەوەکەى دواخست بۆ ئەمڕۆ، بەڵام ئەمرۆش نەیتوانى ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە. . جەمال کۆچەر ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتوو بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بەهۆى تەواونەبوونى ڕێژەى یاسایی ئەندامانەوە نەتوانرا کۆبوونەوەکە بکرێت، بەشێک لە سوننە و کورد و شیعە ئامادەنەبوون بۆیە کۆبوونەوەکە نەکرا". . وتیشى "کورد تا ئێستا هەڵوێستى یەک بووە کە لەگەڵ فرەبازنەییدا نییە لەسەر ئاستى قەزاکان، چونکە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لەبەرژەوەندى کورد نییە، لەگەڵ ئەوەداین پەلە پەل لەو پڕۆژەیەدا نەکرێت و  بۆچوونى خۆپیشاندەرانیش لەبەرچاو بگیرێت". . ئەنجامنەدانى کۆبوونەوەى پەرلەمان  بۆ تەواوکردنى دەنگدان لەسەر هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان، دواى جموجۆڵەکانى دوو ڕۆژى ڕابردووى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان دێت بۆ دروستکردنى کۆدەنگى لەسەر هەموارەکە. . حەلبوسى لەو چوارچێوەیەدا سەردانى هەرێمى کوردستانیشى کرد و لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم و بەشێک لەلایەنەکان کۆبووەوە، بەڵام هەوڵەکانى نەیتوانى کۆدەنگى دروستبکات بۆ کۆکردنەوەى هەموو لایەنەکان لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەماندا تا ئەو پرۆژە مشتومڕاوییە یەکلایی بکاتەوە. جەمال کۆچەر وتى "ڕەنگە هەندێ لایەن سەفقەیان کردبێت بۆ تێپەڕاندنى پڕۆژەکە، بەتایبەتى لایەنە گەورەکان کە چەند ڕۆژێکە جموجۆڵى چڕیان دەستپێکردووە، ئەگەر هەر لایەنێکى کوردى بۆچونێکى پێچەوانەى هەڵوێستى کورد نیشانبدات، ئەوە دیارە سەفقەیەکى ژێر بەژێر کراوە". . ئاشکراشیکرد، حزبە گەورەکان دەیانەوێت دەنگدان بەشێوەى ئەلیکترۆنى بێت، "ئەوەش دەرگاى ساختەکاریی گەورە دەکاتەوە". . جەمال کۆچەر ئەوەشى خستەڕوو، ئێستا سەرقاڵى کۆکردنەوەى واژۆن، بۆ ئەوەى ئەگەر بڕیاریشدرا بە شێوەى ئەلیکترۆنى بێت بەکۆمەڵێک مەرجەوە بێت بۆ ئەوەى ساختەکاریی گەورە نەکرێت. . پڕۆژەى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان لە 50 ماددە پێکهاتووە و کورد و بەشێک لەلایەنەکان تێبینیان لەسەر ماددەکانى 15 و 16 هەیە، کە تایبەتن بە بازنەى هەڵبژاردن و بچوککردنەوەیان بۆ ئاستى قەزاکان. . بەپێی کەناڵى عێراقییەى فەرمى، لیژنەى یاسایی پەرلەمان سێ پێشنیازى ئامادەکردووە و لەکۆبوونەوەى سبەینێدا تاوتوێی دەکات، بۆ یەکلاکردنەوەى ناکۆکییەکان لەبارەى ئەو دوو ماددەیەوە. . ڤیان سەبرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، پارتى هەماهەنگى لەگەڵ کوتلەکانى دیکە کردووە، بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بەجۆرێک کە وەڵامدەرەوەى واقیعى ئێستاى عێراق بێت و ببێتە هۆى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و شەفاف. . وتیشى "ناکۆکییەکان لەبارەى بازنەى هەڵبژاردنەکان بەردەوامن، پێویستە هەموو لایەنەکان بەرژەوەندى گەل لەبەرچاو بگرن".