گه‌ڕان

Shadow Shadow

وەزارەتی تەندروستی سەنتەرێکی کەڵەشاخی داخست کە سکی منداڵی داوەتە بەر گوێزان

2019.12.23 - 16:43
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی تەندروستی سەنتەرێکی کەڵەشاخی داخست کە  سکی منداڵی داوەتە بەر گوێزان

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- وەزارەتی تەندروستی سەنتەرێکی "کەڵەشاخ و ڕوەکناسی" داخست کە تێیدا سکی منداڵی بە گوێزان بڕیوە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، کارێکی مەترسیدار و نایاسایی و نازانستی لەو سەنتەرە دەکرا و هەرکەسێک ئەو کارە بکات سزادەدرێت. . لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، خاوەنى سەنتەرێکی كەلەشاخ و ڕوەكناسى لە چەمچەماڵ کە وێنەکەی بڵاوکراوەتەوە و "باژەڵەی" بۆ منداڵ کردووە، بانگهێشتی لێپرسینەوە کراوە بەهۆی ئەوەی ئەو کارە نایاسایی و ڕێگەپێنەدراوە. . وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، ئەو کەسە لەڕێگەی گوێزانێکەوە سکی منداڵ بریندار دەکات و خوێنێکی زۆریشی لێدەڕوات. محەمەد خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ئەو کارە کە پێی دەڵێن باژەڵە بە بیانوی ئەوە دەکرێت کە منداڵەکە غازاتی هەبێت و بەوشێوەیە سکی بریندار بکرێت و غازاتەکە لە سکی بچێتەدەرەوە، بەڵام ئەوە بەهیچ شێوەیەک ڕاست و زانستی نییە و مەترسیدار و نایاساییە". . وتیشی، ئەو کەسە دوای ئاگادارکردنەوە، بەڵێننامەی لێ وەرگيرا و شوێنەکەشی بەتەواوی داخراوە، ئاگاداریشکرایەوە کە به هيچ جۆرێك بۆى نیيه ئەو جۆره كارانه ئەنجام بدات به پێچەوانەوه ڕێكاری ياسايى بەرامبەر دەگیرێتەبەر و ڕەوانەی دادگا دەکرێت. . وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنە تایبەتەکانیان بەردەوام گەڕان و پشکنین بۆ شوێنەکانی ئەنجامدانی کەڵەشاخ و ڕوەکناسی دەکەن و هەر جۆرە کارێکی نایاسایی بکرێت تێیدا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن، تەنها لەم مانگەشدا و لە شاری هەولێر، پێنج شوێنی فرۆشتنی دەرمانی ڕوەکی بەو هۆکارە داخراون.