گه‌ڕان

Shadow Shadow

دیارترین کاندیدی سەرۆکوەزیرانیان ڕەتکردەوە

خۆپیشاندەرانی عێراق: ئێمە گەورەترین فراکسیۆنین

2019.12.23 - 09:32
App store icon Play store icon Play store icon
خۆپیشاندەرانی عێراق: ئێمە گەورەترین فراکسیۆنین

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- دوای دروستبوونی مشتومڕ لەسەر دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی لەنێوان دامەزراوە باڵاکانی عێراقدا، خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، ئەوان گەورەترین فراکسیۆنن و دیارترین کاندیدیشیان بۆ وەرگرتنى پۆستی سەرۆکوەزیران ڕەتکردەوە. . شەوی ڕابردوو (22ی کانونی یەکەمی 2019)، خۆپیشاندەرانی بەغدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا قوسەی سوهەیل، دیارترین کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند :"ئێمە گەورەترین فرکسیۆنین و کاندیدی حزبیمان ناوێت". . بەهەمانشێوەی بەغدا، خۆپیشاندەرانی نەجەفیش، ئەو کاندیدەیان ڕەتکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد :"کاندیدی حزبمان ناوێت و ئەوانەی ئەو کەسانە دیاریدەکەن بۆ سەرۆکوەزیران دوژمنی خۆپیشاندەرانن". . لە ڕاگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، دەسەڵاتی حزبەکان لە عێراقدا گەندەڵییەکی زۆری دروستکردووە و بەهۆی ئەوانەوە عێراق بەمشێوەی ئێستاى لێهاتووە. . ڕاگەیەندراوەکانی خۆپیشاندەران لەکاتێکدایە، دوێنێ (یەکشەممە)، دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی وه‌ڵامی داواکەی سه‌رۆككۆماری عێراقی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، گه‌وره‌ترین فراکسیۆنی په‌رله‌مانی ئه‌و فراکسیۆنەیە كه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا پێكده‌هێنرێت و زۆرترین ئه‌ندامی هه‌یه‌. . پاش ئەوە کەناڵى عێراقییەى فەرمى بڵاویکردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق وەڵامەکەى دادگاى فیدراڵى لەبارەى دیاریکردنى فراکسیۆنى گەورەى پەرلەمانییەوە ڕەوانەى پەرلەمان کردووە و داوای کردووە، فراکسیۆنى گەورە دیارى بکەن بۆ ئەوەى پرسى کاندیدى سەرۆکوەزیرانى نوێ یەکلابکرێتەوە. . دواتریش، بەدر سائیغ پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون لەپەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، وەڵامەکەى ئەمڕۆى دادگاى فیدراڵى بۆ سەرۆککۆمار ڕوونە، کە سائیرون فراکسیۆنى گەورەى ناو پەرلەمانە، ئێمەش خەڵکمان سەرپشککردووە کاندیدێکى سەربەخۆ بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى نوێ دیارى بکەن و ئەوانیش پێى ڕەزامەند دەبن. . ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکە ئەوەیە، تا ئێستاش خۆپیشاندەران ڕێکخراو نین و وێڕاى ئەوەى هەر پارێزگایەک داوکارییەکى جیاوازیان هەیە و سەرکردایەتیەکى دیاریان نییە، بۆیە زەحمەتە بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵیاندا لەسەر کەسێکى دیاریکراو. . هەرچەندە دوێنێ (یەکشەممە) ماوەی یاسایی دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتایی هات و دادگای فیدڕاڵیش سیفەتەکانی گەورەترین فراکسیۆنی ڕاگەیاند، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک دیارینەکراوە بۆ ئەو پۆستە و خۆپیشاندەرانیش سەرجەم ئەو ناوانەی باسدەکرێن ڕەتیاندەکەنەوە و دەڵێن، کەسانی حزبییان ناوێت. .