گه‌ڕان

Shadow Shadow

ناس کورد وردەکارییەکەى ئاشکرا دەکات

کاندیدکردنى قوسەى سوهەیل هاوپەیمانێتییەکەى عامرى و مالیکى دابەشدەکات

2019.12.22 - 23:07
App store icon Play store icon Play store icon
کاندیدکردنى قوسەى سوهەیل هاوپەیمانێتییەکەى عامرى و مالیکى دابەشدەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   بەوتەى سەرچاوەیەک "لەسەر ڕەزامەندى دەربڕین لەبارەى قوسەى سوهەیل بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران، هاوپەیمانێتى بینا بووەتە دوو گروپ، یەکەمیان کە پێکدێن لە عەسائیبى ئەهلى هەق پشتیوانى ناوبراو دەکەن، گروپى دووەمیش کە پێکدێن لە سەرکردەکانى ڕێکخراوى بەدر و دەوڵەتى یاسا دوودڵن لەپشتیوانیکردنى". . سەرچاوەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، گروپى دووەم دەترسن لەوەى سووربوون لەسەر پشتیوانیکردنى سوهەیل، ببێتە هۆى فراوانبوونى بەرەى ڕەتکردنەوەى، چونکە تا ئێستا هاوپەیمانى سائیرون و ڕەوتى حیکمە زیاتر دژى ئەو کارەن". . سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئەو گروپە دەترسن بەهۆى ڕاگەیاندنى پشتیوانى ئاشکراى ئەوانەوە ئەو دەرفەتەیان لەدەستبچێت و ناڕەزایەتییەکە زیاتر بەرەو شەقام پەلبکێشێت. . باسى لەوەشکرد، پێدەچێت ئەو ترسە وا لە هادى عامرى بکات حەز بکات بەدواى کاندیدێکى تردا بگەڕێت، هەر بۆیە بەشدارى کۆبونەوەکەى شەوى ڕابردووى هاوپەیمانێتى بیناى نەکرد بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى فراکسیۆنى گەورە و کاندیدى سەرۆکوەزیرانى نوێ. . سەرچاوەکە جەختدەکاتەوە، لە کۆبونەوەکەى دوێنێى هاوپەیمانى بینادا مالیکیش ئەو ترسەى نەشاردووەتەوە کە ئەگەر زۆر سووربن لەسەر کاندیدکردنى قوسەى سوهەیل ڕەنگە ئاکامى خراپ بەسەریاندا بشکێتەوە. . ئەوەشى درکاند، ناردنى وەفدێک لەلایەن هاوپەیمانى بیناوە ڕۆژى هەینى بۆ هەرێمى کوردستان بەمەبەستى ڕازیکردنى کورد بە پاڵپشتیکردنى قوسەى سوهەیل بووە، بەڵام کورد هێشتا هەڵوێستیان لەسەر ئەو پرسە دەرنەبڕیوە و چاوەڕوانى ڕێککەوتنى شیعەکانن. . سەرچاوەکە ئەوەشى ئاشکراکرد، محەمەد کەوسەرانى بەرپرسى دۆسییەى عێراقى حزبوڵاى لوبنانى ، بەمەبەستى ڕازیکردنى چەند سیاسییەکى دیارى عێراق و پشتیوانیکردنى سوهەیل لە چەند ڕۆژى ڕابردودا چەندین کەسى بینیوە و داواى لێکردوون پشتیوانى بکەن. . لەگەرمەى ئەو ڕوداوانەدا هەر ئەمڕۆ (یەکشەممە) لەلایەن هاوپەیمانى سائیرونەوە هۆشدارى ئەوە درا گەر ڕاستبێت ئەو کاندیدە لەلایەن هاوپەیمانى بیناوە پێشکەشکرابێت ئەوا بارودۆخى عێراق خراپتر دەشێوێت و سائیرونیش دواى وەڵامەکەى دادگاى فیدراڵى خۆیان بەفراکسیۆنى گەورە دەزانن، بەڵام ئەو یارییە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە ڕاگیرا و دووبارە تۆپى فراکسیۆنى گەورە بۆ پێشکەشکردنى کاندیدەکەیان بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى نوێ فڕێدایە ناو پەرلەمانەوە. .