گه‌ڕان

Shadow Shadow

وردەکاریی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى

کۆنگرەى یەکێتى؛ 400 کاندید کێبڕکێ لەسەر 118 کورسی دەکەن

2019.12.22 - 21:58
App store icon Play store icon Play store icon
کۆنگرەى یەکێتى؛ 400 کاندید کێبڕکێ لەسەر 118 کورسی دەکەن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   بڕیارە سبەینێ لە سێیەمین ڕۆژى کۆنگرەى یەکێتیدا، ئەندامانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى گشتى ئەو حزبە هەڵبژێردرێت، کە بەرزترین دەسەڵاتى هەیە و دواى کۆنگرە سەرۆکى حزبەکە و یاریدەدەرەکانى هەڵدەبژێرێت. . ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە دووەم ڕۆژى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتیدا پەیڕەوى ناوخۆى ئەو حزبە پەسەندکرا و هەڵبژاردنى ئەنجومەنى سەرکردایەتى گشتى بۆ سبەینێ دواخرا. . دوێنێش لەیەکەم رۆژى کۆنگرەکەدا ئەنجومەنى سیاسی هەڵبژێردرا، کە لە نۆ ئەندام پێکدێت و لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە سەرۆکایەتى دەکرێت. . بەپێی پەیڕەوى ناوخۆى یەکێتى کە لەلایەن کۆنگرەوە پەسەندکراوە، ئەندامانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى گشتى لە 121 کەس پێکدێت و بە هەڵبژاردن لە کۆنگرە دیاریدەکرێن، بەڵام لەبەرئەوەى هەریەکە لە بەرهەم ساڵح و قوباد تاڵەبانى و ڕێواز فایەق لەیەکەم ڕۆژى کۆنگرەدا بە ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى گشتى هەڵبژێردران، کێبڕکێکەى سبەینێ لەسەر 118 ئەندام دەبێت. . ئەندامێکى کۆنگرەى یەکێتى کە نەیویست ناوى بهێنرێت بە ناس کوردى ڕاگەیاند "دۆخى کۆنگرەى ئەمجارە لە چاو کۆنگرەکانى پێشوو ئارامە، هەر کاندیدە و بەشێوەى تاکەکەسى بانگەشە بۆخۆى دەکات و کەمتر جیاکارى هەستى پێدەکرێت". . وتیشى "ئەوانەى تا ئێستا دیارن کە خۆیان هەڵنابژێرن بۆ ئەنجومەنى سەرکردایەتى گشتى ئەوانەن کە بۆ ئەنجومەنى سیاسی هەڵبژێردراون، لەگەڵ فریاد ڕەواندوزى کە خۆى کاندید ناکاتەوە". . بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى یەکێتى، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى سەرکردایەتى گشتى یەکێتى لەسەر بنەماى بەرکەوتەى دابەشبوون و جوگرافیاى هەرێمەکان دەبێت، هەڵبژاردنەکەش بەشێوەى یەک بازنەیی دەبێت بەمەرجێک بەرکەوتەى سەرجەم ناوچەکان دیاری بکرێت. . هەر بەگوێرەى پەیڕەوەکە، ئەنجومەنەکە دواى کۆنگرە و لەدووەم دانیشتنى خۆیدا، سەرۆکى حزب و دەستەى سەرۆکایەتى، سەرۆکى دەستەى پاراستنى قەوارەى یەکێتى/ئەنجومەنى باڵاى دانایان هەڵدەبژێرێت. . مەلا یاسین ڕئوف وتەبێژى کۆنگرەى یەکێتى ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "زیاتر لە 400 کەس خۆیان کاندیدکردووە بۆ ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى، هەر دەنگدەرێک دەتوانێت لەنێوان 60 بۆ 121 دەنگ بدات". . وتیشى "سندوقی دەنگدان دادەنرێت و لەژێر كامێرادایە، هەر دەنگدەرێك ئازادانە دەنگی خۆی دەدات، دواتر راستەوخۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان دەستپێدەكات". .