کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- کەناڵى عێراقییەى فەرمى بڵاویکردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق وەڵامەکەى دادگاى فیدراڵى لەبارەى دیاریکردنى فراکسیۆنى گەورەى پەرلەمانییەوە ڕەوانەى پەرلەمان کردووە. . بەپێی کەناڵەکە، سەرۆککۆمار داواى لەپەرلەمان کردووە فراکسیۆنى گەورە دیارى بکەن بۆ ئەوەى پرسى کاندیدى سەرۆک وەزیرانى نوێ یەکلابکرێتەوە. . ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی وهڵامی داواکەی سهرۆككۆماری عێراقی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، گهورهترین فراکسیۆنی پهرلهمانی ئهو فراکسیۆنەیە كه لهناو پهرلهماندا پێكدههێنرێت و زۆرترین ئهندامی ههیه. . بەدر سائیغ پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون لەپەڕلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، "وەڵامەکەى ئەمڕۆى دادگاى فیدراڵى بۆ سەرۆککۆمار ڕوونە کە سائیرون فراکسیۆنى گەورەى ناو پەرلەمانە، ئێمەش خەڵکمان سەر پشککردووە کاندیدێکى سەربەخۆ بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى نوێ دیارى بکەن و ئەوانیش پێى ڕەزامەند دەبن". . وتیشى تا ئێستاش خۆپیشاندەران ڕێکخراو نین و وێڕاى ئەوەى هەر پارێزگایەک داوکارییەکى جیاوازیان هەیە و سەرکردایەتیەکى دیاریان نییە و زەحمەتە بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵیاندا لەسەر کەسێکى دیاریکراو. . باسى لەوەشکرد، بیستویانە کە سەرۆککۆمار قوسەى سوهەیلى بۆ پۆستەکە کاندید کردووە و "گەر ئەو دەنگۆیانەش ڕاستبن ئەوا بەرهەڵستکارى خواستەکانى مەرجەعیەت و خەڵک و کەسوکارى شەهیدانە و بارودۆخەکەش ئاڵۆزتر دەکات". . بەوتەى سائیغ، "کاتێک سوهەیل وەزیرى خوێندنى باڵا بووە هیچ مامەڵەیەکى لەگەڵ سەرۆک زانکۆکاندا نەکردووە و کەسیکى شیاو نییە بۆ پۆستەکە و بەلاى خۆپیشاندەرانیشەوە پەسەندکراو نییە". . جەختیشى لەوەکردەوە، هاوپەیمانێتییەکەیان فراکسیۆنى گەورەن و لەنزیکترین کاتدا بڕیارى فەرمى خۆیان ڕادەگەیەنن. . هاوکات بەدر زیادى پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەنگۆى ڕاسپاردنى قوسەى سوهەیل بۆ سەرۆک وەزیران ڕاست نییە، سائیرون سورە لەسەر ئەوەى پشتیوانى هیچ کاندیدێک ناکات ئەگەر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پەسەند کراو نەبێت و ئەو مەرجانەى تێدا نەبێت کە مەرجەعیەت و خۆپیشاندەران دیاریانکردووە.