گه‌ڕان

Shadow Shadow

تا ئێستا 30 چالاکوانى مەدەنى کوژراون

چەکدارانى نەناسراو؛ مۆتەکەی گیانی چالاکوانانى خۆپیشاندانەکانى عێراق

2019.12.22 - 17:22
چەکدارانى نەناسراو؛ مۆتەکەی گیانی چالاکوانانى خۆپیشاندانەکانى عێراق
ناس کورد –   چالاکوانێکی دیکەی خۆپیشاندانەکانى عێراق لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە کوژرا، بەوەش کۆى ئەو چالاکوانانەى تا ئێستا کوژراون بۆ 30 کەس بەرزبووەوە. . ئەمرۆ (یەکشەممە، 22ی کانونی یەکەمی 2019)، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی پارێزگای میسان بەناوی (عەبدول موحسین بەهادلی) کوژرا. . سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ژمارەیەک  چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی عەبدولموحسین بەهادلی و چوار فیشەکیان پێوە ناوە، پێش ئەوەی بگەیەنرێت بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە". . بەهادلی یەکێک بوو لە چالاکوانە گەنجەکانی شاری میسان و بەغداد و ڕێکخەری زۆرینەی خۆپیشاندانەکانی میسان بووە. . لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چەند چالاکوانێکی دیکە کوژران، ڕۆژی 8ی کانونی یەکەم چالاکوانێک بەناوی فاهم تائی لە کەربەلا لەڕێی دەمانچەی بێدەنگەوە کوژرا، هەمان ڕۆژیش لە شاری دیوانیە دوو چالاکوانی دیکە بەناوەکانی عەلی مەدەنی و سائر کەریم کوژران. . یەکێک لە ئەندامانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بە ناس کوردی وت "تەنها لەماوەی ڕۆژانی خۆپیشاندانەکاندا تاوەکو ئەمڕۆ (یەکشەممە)، 30 چالاکوانی خۆپیشاندانەکان کوژراون، هەروەها سێ هەوڵی کوشتنیش سەری نەگرتووە". . ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر هەریەکە لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوە و عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەکان و چەندین بەرپرسی دیکە، داوایانکردبوو کوشتن و ڕفاندنی چالاکوانان کۆتایی پێبێت، بەڵام تا ئێستا بەردەوامە.   .