گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت

نەوەی نوێ: سەرۆكایەتی پەرلەمان تەنها پڕۆژەكەی پارتی و گۆڕانی ئاراستەی لیژنەی یاسایی كرد

2019.03.28 - 22:14
نەوەی نوێ: سەرۆكایەتی پەرلەمان تەنها پڕۆژەكەی پارتی و گۆڕانی ئاراستەی لیژنەی یاسایی كرد

ناس كورد -

بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ سەرۆكایەتی پەرلەمان تەنها پڕۆژەكەی پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكانی ئاراستەی لیژنەی یاسایی كردووە و لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش پڕۆژەكەیان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان تا لە دانیشتنی شەممە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت.

كاوە عەبدولقادر، ئەندامی لیژنەی یاسایی و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی نەوەی نوێ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوایان كردووە هەموو پڕۆژە یاساكانی سەرجەم فراكسیۆنەكان بدرێتە لیژنەی یاسایی و تاوتوێ بكرێن، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان تەنها پڕۆژەكەی پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكانی ئاراستەی لیژنەی یاسایی كردووە.

پەیوەست بەو بابەتە بژار خالید سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد "لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، كۆبۆتەوە بۆ ئاراستەكردنی ئەو پڕۆژە پێشنیازانەی كە لەلایەن فراكسیۆنە جیاجیاكانەوە ئاراستەی لیژنەكە كرابوون بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكان".

سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان روونیكردەوە لە نێوانیاندا پڕۆژە یاسای پێشنیازی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان –عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوور بوونی هەبوو، كە بەزۆرینەی دەنگ سیفەی موستەعجەلی پێدرا و بەدەنگی بەڵێ حەوت ئەندام ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا بۆ ئەوەی لەدانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان بخرێتە بەرنامەی كار و پەسەند بكرێت.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە) پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان پڕۆژە یاسایەكی هاوبەشیان بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد و بڕیارە لە دانیشتنی رۆژی (شەممە)ی داهاتوو گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بخرێتە دەنگدانەوە.