کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
بەگوێرەی بەراوردێکی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵدا، پلەکانی گەرمی بەشێوەیەکی بەرچاو و بەردەوام بەرزبوونەتەوە، بەشێوەیەک لە زۆربەى ناوچە ساردەکان کە پێشتر پلەکانى گەرما لە 21ی کانونی 2016 چەند پلەیەک لە خوار سفری سەدییەوە بوون، لەم ساڵدا و لە هەمان ڕۆژدا پلەى خواری سەدی یان تۆمارنەکراوە یان زۆر کەمبووەتەوە.
.
بۆ نمونە لە ناوچەى کانی ماسی لە دهۆک، لە 21ی کانونی یەکەمی 2016، پلەی گەرمی 12 پلە لە خوار سفری سەدییەوە بووە، بەڵام هەمان ناوچە و لەمساڵدا پلەى گەرما بووەتە 3 پلە خوار سفری سەدی.
.
هەربەپێی داتاکانى کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، ڕۆژی 21ی کانونی یەکەمی ساڵی 2016دا، لە شاری پێنجوێن، نزمترین پلەی گەرمی 10 پلە خوار سفری سەدییەوە بووە، لەساڵی 2017دا و لە هەمان ڕۆژدا، بووە بە 5 پلە خوار سفری سەد، لە هەمان ڕۆژی ئەمساڵدا زیاتر هاتووەتەخوار و بووە بە 2 پلە خوار سفری سەدی، واتە بەراورد بە 2016، نزیکەی 8 پلە بەرزبووەتەوە.
.
ئەگەر تەماشای داتای ئامێدی بکەین، لە هەمان ڕۆژی 2016دا، نزمترین پلەی گەرمی 5- بووە و لە ساڵی 2017دا بووە بە 9 پلە و لە هەمان ڕۆژی ئەمساڵیشدا کە دوێنێ بوو، 7 پلە بووە واتە نەچووەتە خوار سفری سەدییەوە.
.
لەوبارەیەوە ئەژی چەتۆ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەوە شتێکی ئاساییە زۆر جار پلەکانی گەرمی لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە دەگۆڕێت، هەروەک چۆن ڕێژەی باران و بەفربارینیش لە نێوان ساڵەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت".
.
وتیشی، ئەگەر ئەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بێت، ئەوکات دەبێتە جێی مەترسی، بەڵام تائێستا و ئەوەی لە هەرێم هەیە دۆخێکی ئاساییە.
.
هاوکات بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ و سبەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرمیش بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو بەرەو بەرزبوونەوە دەچن بەشێوەیەک نزمترین پلەی گەرمی لە پارێزگای سلێمانی تۆماردەکرێت، کە 5 پلەیە و کەرکوکیش بە 20 پلە بەرزترین پلەی گەرمی هەیە.