کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ژمارەیەکی تر لە ماڵپەڕە حکومییەکان و هەژماری کەسایەتییە سیاسییە عێراقییەکان ڕوبەڕوی هێرشی ئەلیکترۆنی بوونەوە کە ماڵپەڕی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنى وەزیرانیشی تێدایە. . ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی کانونی یەکەمی 2019، ماڵپەڕی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنى وەزیران و ماڵپەڕی پەرلەمانتار محەمەد شیاع سودانی و ماڵپەڕی وەزارەتی کشتوکاڵ لەکارکەوتن و سەرچاوەیەکیش بە ناس کوردی وت، "ئەو ماڵپەڕانە بەهۆی هاککردنیان لەکارکەوتوون". . ئەوەش دووەم هێرشی ئەلیکترۆنییە بۆسەر ماڵپەڕە حکومی و سیاسییەکانى عێراق، لە کاتژمێرەکانى سەرەتای ڕۆژی چوارشەممە، 18ی کانونی یەکەمی 2019، زۆرێک لە ماڵپەڕەکانى ئەنجومەنی وەزیران ڕوبەڕووی هێرشێکی گەورەى هاککردن بوونەوە و ماڵپەڕی سەرۆکایەتى وەزیران و چەند وەزارەتێکی تر هاککران. . هێرشەکە لەلایەن گروپێکەوە بەناوی "ماکسپرۆ" ئەنجام دراوە و ماڵپەڕەکانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتەکانى نەوت، تەندروستی، پەیوەندییەکان، پەروەردە و بازرگانی گرتووەتەوە. . بەپێی هەواڵی میدیاکانى عێراق، ئەوە یەکەم هێرشی لەو جۆرەیە کە ماڵپەڕەکانى حکومەتى عێراقی بگرێتەوە و چەندین زانیاری و بەڵگە و فایلی گرنگ دزراون. . لە سەرەتادا هاککەرەکان پەیامێکیان دانابوو لەسەر ماڵپەڕەکان بەڵام دواتر سەرجەم ئەو ماڵپەڕانە لەکارکەوتن و لەئێستادا ناکرێنەوە.