گه‌ڕان

Shadow Shadow

بۆچی بەرهەم ساڵح بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلایی ناکاتەوە؟

2019.12.21 - 21:23
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچی بەرهەم ساڵح بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلایی ناکاتەوە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەرچەندە تەنها ڕۆژێک ماوە بۆ تەواوبوونی وادەى دەستوری دیاریکردنی بەربژێر بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و بەشێک لایەنە عێراقییەکان تۆپەکە فڕێ دەدەنە باوەشی یەکتر. . لە ئێستادا سەرۆککۆمارى عێراق پرسى گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی ناردووەتەوە دادگای فیدڕاڵی و ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو دەسەڵاتەکانی لەو پرسەدا دیاری نەکرێن، هیچ بەربژێرێک یەکلایی ناکاتەوە. . بەرهەم ساڵح داواى لەو دادگایە کردووە دەسەڵاتەکانى سەرۆککۆمار بۆ پەسەندکردن و ڕەتکردنەوەى بەربژێرەکان بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى نوێ ڕوون بکاتەوە کە لەئێستادا چەند لایەنێکى سیاسى ناوى بەربژێری خۆیان خستووەتە بەردەم سەرۆککۆمار تا پەسەندى بکات. . لەبارەى هۆکاری ئەو کارەى، ڕاوێژکارێکی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، بەهۆی هەستیاریی دۆخی ئێستای عێراق، سەرۆککۆمار نایەوێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات، بۆیە ڕاوێژی زیاتر دەکات لەبارەی دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو. . هاوژین عومەر، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "دۆخی ئێستای عێراق گونجاو نییە بۆ ئەوەی ئەو پرسە  تەنها بە  ئەستۆی خۆی یەکلایی بکاتەوە، چونکە پێویستە ئەو کەسایەتییەى کە ڕایدەسپێردرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئاست خواست و داخوازی شەقام و فراکسیۆنەکانى ناو پەرلەماندا بێت". . ڕاوێژکارەکەى سەرۆککۆمار وتیشی، "زۆر هاوکێشە هەن کە دەبێت بەرهەم ساڵح ڕەچاویان بکات لەکاتی یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران، وەک هاوکێشەی گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان، سەنگ و قورسایی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هاوکێشەی دەرەکی و ئەو محوەربەندییەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە". . هاوژین عومەر ئاشکرایکرد، پێش چەند ڕۆژێک زیاتر لە 188 پەرلەمانتاری عێراق لە هەموو فراکسیۆنە جیاوازەکان واژۆیان کۆکردەوە کە تێیدا داوایان لە سەرۆککۆمار کرد دەستکراوە بێت لە ڕاسپاردنی کەسایەتییەکی نیشتمانی کە لە ئاست خواست و ئامانجەکانی گەلی عێراقدا بێت. . بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی سەباحی عێراقیش، "48 كه‌س داواكارییان پێشكه‌شی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆككۆماری عێراق كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ كێبڕكێی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراقه‌وه‌". . بەڵام هاوپەیمانی فەتح کە زۆر پەلەیەتی کەسێکی نزیک خۆی ببێتە سەرۆکوەزیران ڕای جیاوازە لەبارەى داواکەى بەرهەم ساڵح لە دادگای فیدڕاڵی و ئومێد دەکەن سبەینێ بەرهەم ساڵح ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە چونکە "لە دەسەڵاتى ئەودایە نەک دادگاى فیدراڵی"،  هاوپەیمانى سائیرونیش پێیوایە سەرۆککۆمار لە نێوان فشارى لایەنەکان و شەقامدا گیریخواردووە و "خۆى باش دەزانیت فراکسیۆنى گەورە کێیە". . فازڵ جابر، پەڕلەمانتارى هاوپەیمانى فەتح بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "به‌پێی ده‌ستور بۆى دیاریكراوه‌ و دەبوایە بەربژێری فراكسیۆنى گه‌وره‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت ڕابسپێردرایە به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌كه‌ کۆتایی هات و له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماره‌وه‌ به ‌پاساوى كێشه‌ له‌ فراكسیۆنى گه‌وره‌دا كاره‌كه‌ ته‌واو نه‌كرا". . وتیشی، "ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر سه‌رۆككۆمار پێویسته‌ بەربژێری فراكسیۆنى گه‌وره‌ ڕابسپێردرێت." . پەڕلەمانتارەکەى هاوپەیمانى فەتح ڕونیشیکردەوە، فراكسێۆنى گه‌وره‌ ڕوونه‌ كێیه‌، پێشتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى پەرله‌مانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆككۆمار ڕوونكراوه‌ته‌وه‌ و وه‌ڵامى ئه‌و نوسراوه‌شى له‌و باره‌یه‌وه‌ دراوەتەوە". . جەختى لەوەش کردەوە کە له "دانیشتنى یه‌كه‌میشدا ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ فراكسیۆنى گه‌وره‌ ئه‌و فراكسیۆنه‌یه‌ كه‌ زۆرترین ئه‌ندامى هه‌یه‌ له‌ناو پەرله‌ماندا و ئه‌وه‌ش یه‌كلابووه‌ته‌وه‌." . بەڵام پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى سائیرون دیدى جیاوازى لەسەر پرسەکە هەیە و چەند نهێنینەکى تریش لەسەر ئەو پرسە ئاشکرا دەکات. . عه‌لى سه‌عدون غوڵام له فراکسیۆنى سائیرونی موقتەدا سەدر به ‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند، "سه‌رۆككۆمار له ‌نێوان فشارى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فشارى شه‌قامدا له‌سه‌ر دیاریكردنى بەربژێرێک گیریخواردووه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان فشار ده‌كه‌ن بەربژێرەکەیان قبوڵ بکەن و شه‌قامیش داواى بەربژێری سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن". . وتیشى، "نوسراوه‌كه‌ى سه‌رۆككۆماریش بۆ دادگاى فیدراڵی زۆر دواكه‌وت، سه‌رۆككۆمار خۆى باش ده‌زانێت فراكسیۆنى گه‌وره‌ كێیه‌ و له‌سه‌ره‌تاى پێكهێنانى كابینه‌كه‌دا ڕێکكه‌وتنى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان بۆ دیاریكردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى ڕه‌وانه‌ى سه‌رۆككۆمار كرا و ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دا و فراكسیۆنى گه‌وره‌ش دیارینه‌كرا، ئه‌وه‌ش پێشێلکردنی ده‌ستور بوو". . پەرلەمانتارەکەى سائیرون ئاماژەى بەوەشکردووە، "فراكیسۆنى سائیرون زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى پەرلەمانی هه‌یه‌ بۆیه‌ نوسراوى بۆ سه‌رۆككۆمار كردووه‌ و داوایكردووه‌ بەربژێرێکی ناحزبى كه‌ جێى ڕه‌زامه‌ندى شه‌قامیش بێت بۆ پۆسته‌كه‌ دیارى بكات به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى سه‌رۆككۆمار له‌و نێوانه‌دا گیریخواردووه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كان فشاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بەربژێرەکەیان ڕه‌وانه‌ بكات نه‌یتوانیوه‌ كاره‌كه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌". . سه‌رۆككۆمار پارێزه‌رى ده‌ستوره‌ و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یاسا و ده‌ستوردا ده‌كات و پێده‌چێت دادگاى فیدراڵیش دووباره‌ تۆپه‌كه‌ بخاته‌وه‌ گۆڕه‌پانى سه‌رۆككۆماره‌وه‌ و یاخود وه‌ڵامى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى ده‌بێت و سه‌رۆككۆماریش چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كاره‌ زۆر دواكه‌وت و سبه‌ینێش واده‌ى دیاریكردنى كاندیدى سه‌رۆكوه‌زیرانى نۆییه.