گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕوسیا بۆ 14 یەمینجار مافى ڤیتۆ لەئەنجومەنى ئاسایش بەکاردەهێنێت لەبارەى سوریاوە

2019.12.21 - 08:49
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوسیا بۆ 14 یەمینجار مافى ڤیتۆ لەئەنجومەنى ئاسایش بەکاردەهێنێت لەبارەى سوریاوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- جارێکى تر ڕوسیا بە پشتیوانى چین، مافى ڤیتۆى بەکارهێنا لەسەر بڕیارێکى ئەنجومەنى ئاسایش لەبارەى سوریاوە، ئەوەش 14 یەمینجارە ئەو وڵاتە مافى ڤیتۆ بەکاربهێنێت لە دواى سەرهەڵدانى قەیرانى ناوخۆیی سوریا لەساڵى 2011 ەوە. . بەپێی بڕیارەکە کە لەلایەن بەلجیکا و کوەیت و ئەڵمانیاوە ئامادەکرابوو، ڕێگە بە گواستنەوەى یارمەتى مرۆیی دەدرێت لەدوو خاڵى تورکیا و عێراقەوە بۆ سوریا بۆ ماوەى ساڵێکى دیکە، بەڵام ڕوسیا کە هاوپەیمانى ڕژێمى بەشار ئەسەدە تەنها ئامادەبوو ڕەزامەندى لەسەر گواستنەوەى ئەو یارمەتییانە لەدوو خاڵى سنورى تورکیاوە بدات بۆ ماوەى تەنها شەش مانگ. . ڕوسیا و چین مافى ڤیتۆیان بەکارهێنا دژى ڕەشنوسى بڕیارەکە، لەکاتێکدا سەرجەم ئەندامانى دیکەى ئەنجومەنى ئاسایش کە ژمارەیان 13 وڵاتە پشتیوانیان کرد. . هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنى ئاسایش لانى کەم پێویستى بە نۆ دەنگە بۆ ئەوەى پەسەند بکرێت، بەمەرجێک هیچ وڵاتێکى ئەندامى هەمیشەیی ئەنجومەنەکە ڤیتۆ بەکارنەهێنێت. . کیلى کرافت باڵیۆزى ئەمریکا لە ئەنجومەنى ئاسایش، هەڵوێستەکەى ڕوسیا و چینى بە "نابەرپرسانە و توند" ناوبرد و وتى کە "کارەساتى" لێدەکەوێتەوە. . ئەنجومەنى ئاسایش دواتر دەنگى لەسەر ڕەشنوسى بڕیارێکدا کە لەلایەن ڕوسیاوە ئامادەکرابوو، بۆ ڕێگەدان بە گواستنەوەى یارمەتییە مرۆییەکان لەدوو خاڵى سنورى تورکیاوە بۆ ماوەى شەش مانگ، بەڵام بڕیارەکە تەنها پێنج دەنگى بەدەستهێنا. . فاسيلي نيبينزيا باڵیۆزى ڕوسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند "هیچ کەس سەرنەکەوت، تەنها گەلى سوریا زیانیان کرد، دۆخى مرۆیی لە سوریا ڕووى لە باشبوون کردووە و پێویستە ئەنجومەنى ئاسایش دان بەو گۆڕانکارییەدا بنێت". . لەساڵى 2014 ەوە، ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە تورکیا و عێراق  و ئوردنەوە یارمەتى مرۆیی دەگەیەننە سوریا.