کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
وەک ئەوەى پەیامێکی "بەپەلە و ڕوون و ئاشکرا"ـی واشنتنی پێبێت لەبارەى خۆپیشاندان و ڕووداوەکانى لوبنان و عێراقەوە، دەیڤد هیڵ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی گەیشتە لوبنان و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، دواتر لە بەغدا دابەزی و پەیامەکەى گەیاندە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق.
.
لەدوای دابەزینی لە بەغدا، دوێنێ پێنجشەممە، 19ی کانونی یەکەمی 2019، دەیڤد هیڵ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە لای عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و کۆبوونەوە.

لەدوای کۆبوونەوەکە، نوسینگەى عەبدولمەهدی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ دەیڤد هیڵ، عادل عەبدولمەهدی جەختی کردووەتەوە لە بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتی ستراتیژی لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا".
.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، عەبدولمەهدی داوای لە ئەمریکا کردووە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی دامەزراوە دەستورییەکانی عێراق.
.
دواتر دەیڤد هیڵ لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراقدا کۆبوونەوە و نوسینگەکەشی دەڵێت، "هەردوولا جەختیان لە گرنگی پەیوەندییەکان نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە".
.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، دەیڤد هیڵ داوای لە حەلبوسی کردووە "بەربژێرکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت بە بڕیارێکی نیشتیمانی بێت و پێویستە دوور بێت لە دەستێوەردانی دەرەکی، ئەو کەسەش کە بەربژێردەکرێت دەبێت لە ئاست داواکاری و ئامانجی گەلی عێراقدا بێت".

دواتر دەیڤد هیڵ خۆی گەیاندە کۆشی سەلامی سەرۆکایەتی و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.
.
لە ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆککۆماردا هاتووە، "هیڵ لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆککۆمار، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق تا ئەوکاتەی عێراقییەکان دەتوانن لە وڵاتی خۆیاندا بە ئازادی و بە ئاشتی و سەربەستی بژین".
.
بەرهەم ساڵح داواشی لە هیڵ کردووە "ئەم دۆخەی ئێستا عێراقی تێدا دەگوزەرێت بە بڕیاری نیشتیمانی عێراقییەکان چارەسەربکرێت و دور بێت لە هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی".